نەخۆشخانەی بەخشین بۆ رۆژنامەنوسەکەی ئێن ئاڕتی: با لەدادگا بەڵگەكانی خۆی بسەلمێنێت

نەخۆشخانەی بەخشین روونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری سکاڵاکەیان لەسەر رۆژنامەنوسێکی ئێن ئاڕ تی بڵاودەکاتەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر داوای ئەوان دەستبەسەرکرا.

لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا نەخۆشخانەکە ئاماژە بەوەدەکات، بۆ بەرچاوڕوونی هەموو دەزگاكان و هاوڵاتیانی خۆشەویست ئێمە بابەت و زانیاریە ناراستەكانی ناوبراو بەشێك لە كۆمێنتەكانمان داناوە، گەر ئەم بەڕێزە زانیارییەكانی بە ڕاست دادەنێت با لە دادگا بەڵگەكانی خۆی بسەلمێنێت.

دەقی روونکردنەوەکە:

ڕوونكردنەوەیەك لە نەخۆشخانەی بەخشینەوە بۆ ڕای گشتی
نەخۆشخانەی_بەخشین وەكو دەزگایەكی تەندروستی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بێ هیچ جیاوازیەك خزمەتی بە تەواوی چین و توێژە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان كردوە و كار و خزمەتەكانی بە هاوڵاتیان شاهیدی ڕاست و دروستی قسەكانمانە.

لە ماوەی رابردوودا كەسێك بەناوی بەرهەم ساڵح كە كارمەندی كەناڵی (ئێن ئاڕ تی)یە بابەتێكی لەسەر نەخۆشخانەكەمان بڵاوكردەوە كە پڕی بوو لە ناڕاستی و تەشهیر، لەگەڵ ئەوەی دوای بڵاوكردنەوەی ڕوونكردنەوەو زانیاری و بەڵگەی دروستمان پێدا، بەڵام ناوبراو سوور بوو لەسەر هەڵوێستەكانی و ئینكاری لە زانیارییە ناڕاستەكانی خۆی دەكرد، هاوكات پێداگری لەسەر ئەوەش دەكرد كە بەردەوام دەبێت لەسەر بڵاوكردنەوەی ناوزڕاندنو زانیاریە ناراستەكان، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی بەخشین بە مافی خۆی زانی كە سكاڵا لەسەر ئەو بەڕێزە تۆمار بكات، بە لای ئێمەوە ئەمە هەوڵی هەموومانە بۆ گەڕانەوەی شكۆی یاسا لە یەكلاییكردنەوەی ڕاستی و دروستی هەر كەیسێك.

لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەكو بەكارهێنەرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان سكاڵامان لەسەر ئەو بەڕێزە تۆماركردوە، بەڵام بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری ئێمە، وەكو رۆژنامەنوس پشتگیری لە زانیاریە ناراستەكانی ئەو بەڕێزە دەكەن و دووبارە دەیانەوێت ستەم لەو نەخۆشخانەیە بكەن دۆست و دوژمن شاهیدی بۆ كارو خزمەتەكانی دەدات.

بۆ بەرچاوڕوونی هەموو دەزگاكان و هاوڵاتیانی خۆشەویست ئێمە بابەت و زانیاریە ناراستەكانی ناوبراو بەشێك لە كۆمێنتەكانمان داناوە، گەر ئەم بەڕێزە زانیارییەكانی بە ڕاست دادەنێت با لە دادگا بەڵگەكانی خۆی بسەلمێنێت.
لەگەڵ رێزدا.
بەشی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی بەخشین.



PM:08:22:09/12/2018