نەبوونی نەوت لە خوێندنگەكان خوێندكارانی هەراسان كردووە

سەرەڕای دەسپێكردنی وەرزی سەرما و سۆڵە لە هەرێم بەشێكی زۆری خوێندنگەكانیش بێ نەوت ماونەتەوە و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانیش زانیاری لەو بارەیەوە ئاشكرادەكات.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "سپی" سەرەڕای دەسپێكردنی وەرزی سەرما و سۆڵە و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما زۆرینەی خوێندنگەكانی هەرێم و بەتایبەت سلێمانی بێ نەوت ماونەتەوە و بەشێك لە دایك و باوكی خوێندكاران بەناچاری خۆیان بەپێی توانا نەوت بۆ خوێندنگەكان دابین دەكەن.

هەر لەسەر ئەو پرسە نازدار ئەحمەد كەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە "سپی" ڕاگەیاند "ماوەی هەفتەیەكە دەستمان كردووە بە دابەشكردنی نەوت بەسەر خوێندنگەكاندا و پێشتریش لە خوێندنگەكانی دەرەوەی شار دابەش كراوە".

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی وتیشی "خوێندكاران دڵنیا دەكەینەوە لە ماوەی هەفتەیەكدا تەواوی ئەو خوێندنگایانە نەوت وەردەگرن كە تا ئێستا پێیان نەگەیشتووە".

ساڵانە خوێندنگەكان بەپێی پێویستی داواكاری بڕی پێویستی نەوت ئاڕاستەی پەروەردەكان دەكەن و بەپێی بەرنامەیەكیش پەروەردەكان نەوت بەسەر خویچندنگەكان دابەش دەكەن، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە هەرێم نەوت بەسەر خوێندنگەكاندا دابەش نەكرا.



PM:01:06:10/12/2018