پارتی هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەدات

ئەندامێکی دیاری خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "، پارتی هەوڵی حكوومەتێكی نوێ و بەهێز دەدات و چوار ساڵی داهاتووش چاكسازییەكی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەین".
 
فرسەت سۆفی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە میدیای حیزبەکەی ڕایگەیاندووە" حزبەكەی لەهەوڵدایە چاكسازییەكی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان بكات و ئەنجامی دەدات".

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو لە فراكسیۆنی پارتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، "یەكێك لەو پرسە گرنگانەی پارتی چاكسازییە، كە لە كارنامەكەی خۆی و لە حكوومەتی داهاتووشدا كاری لەسەر دەكات".

سۆفی دەشڵێت "هەموو هەوڵ و كۆششێكمان دەخەینەگەڕ لەپێناو ئەنجامدانی چاكسازییەك، كە عەدالەتی بۆ هەموو لایەك تێدابێت، بە تایبەت ڕێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی بگیرێت”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو لایەنانەی، كە ئیرادە و مەیلی بەشداریكردنیان لە حكوومەت هەیە، ئێمە بە یەك چاو سەیریان دەكەین، چونكە پارتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو لایەنانەی خواستی بەشداریكرنیان هەبێت سەردانیان دەكەین، هەر لایەنێكیش بیەوێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن ئەوە خۆی بڕیار دەدات و ئێمەش ڕێز لە بڕیاری ئەو لایەنانە دەگرین.



PM:07:28:10/12/2018