بانكی رافیدەین مەرجەكانی پێدانی قەرزە 30 ملیۆن دینارییەکەی راگەیاند

دوای ئەوەی رۆژی 20ی ئەم مانگە، بانكی رافیدەین پێدانی بڕی 30 ملیۆن دیناری وەک قەرز بۆ شارەكانی سنووری نەینەوا راگەیاند، ئەمڕۆش لە بەیاننامەیەکدا مەرجەکانی پێدانی قەرزەکەی ئاشكرا کرد.

بانكی رافیدەین مەرجەكانی پێدانی ئەو قەرزە 30 ملیۆن دینارییەی ئاشكراكرد كە بڕیارە بیداتە سنوری پارێزگای نەینەوا كە بەهۆی شەڕی داعشەوە خانوەكانیان وێران بووە.

لە بەیاننامەیەکدا بانكی رافیدەین ئاماژەی بەوەدەکات، قەرزە 30 ملیۆن دینارییەکەیان تەنیا خەڵكی سنووری پارێزگای نەینەوا دەگرێتەوە بە ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا و مەخموور و شنگالیشەوە.

بانكی ڕافیدەین بۆ پێدانی قەرزی 30 ملیۆن دینار ئەم مەرجانە دەخاتەڕوو:

- تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە، كە خانووەكانیان وێران بوون و هیچ بڕە هاوكارییەكیشیان بۆ ئاوەدانكردنەوە وەرنەگرتووە.

- دەبێ هاووڵاتی تاپۆی خانووەكە وەك رەهن لە بانك دابنێ تا قیستی قەرزەكە تەواو دەبێت.

- دەبێ هاووڵاتی لەماوەی 10 ساڵدا بە 120 قیست، قەرزەكە بداتەوە.

- قەرزەكە بە دوو بڕ دەدرێ، بڕێك دوای تەواوبوونی مامەڵە یاساییەكان و بڕێكیش دوای دروستكردنی نیوەی خانووەكە.

- دەبێ تاپۆی خانووەكە بەناوی داواكارەكە بێت و تا دانەوەی هەموو قەرزەكەش، داواكار ناتوانێ خانووەكەی بفرۆشێ.

- دەبێ قەرزەكە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووەكە تەرخان بكرێ و لە ئەگەری بەكارهێنانی بۆ مەبەستی دیكە، گرێبەستی قەرزەكە هەڵدەوەشێتەوە.

- داواكار و كەفیلەكە لە رسومات و باجەكانی سەریان ئاگادار دەكرێنەوە.

- دەبێ داواكار لە كۆمپانیایەكی حكوومی بیمەی ژیانی خۆی بكات و لە ئەگەری كوژرانی لە ئەنجامی كردەیەكی تیرۆریستی، بانكی رافیدەین بیمەكە لە بری قەرزەكە وەردەگرێت.

- ئەگەر داواكار لە ماوەی پێنج ساڵی یەكەم هەموو قەرزەكەی دایەوە، ئەوا لە سووی بانكی دەبووردرێت.





PM:08:22:23/12/2018