"بیرۆكەی پێدانی گۆڕستان بە كەرتی تایبەت هەڵوەشایەوە"

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت پڕۆژەی پێدانی گۆڕستان بە كەرتی تایبەت هەڵوەشایەوە و دەڵێت "ئەركی شارەوانییە زەوی بۆ گۆڕستان دیاری بكات".

لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە دوای بەدواداچوون و گفتوگۆكردنمان لەگەڵ وەزیری شارەوانی، پڕۆژەو بیرۆكەی پێدانی گۆڕستان بە كەرتی تایبەت هەڵوەشایەوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "بەیاسا ئەركی شارەوانییە زەویەك بۆ گۆڕستان دیاری بكات و ڕێكخستنی بۆ بكات، هیچ گۆڕستانێك نادرێت بە كەرتی تایبەت لە كوردستاندا،  ئەو پارەیەی وەردەگیرێت بۆ حەفارە یان گۆڕهەڵكەن، ئەمە پێشتریش هەبووەو هاوڵاتی ئازادە چۆن و لە كوێ و بەكێ گۆڕ هەڵدەكەنێت یان خۆی گۆڕەكە هەڵدەكەنێت".
 
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشكردووە "سەبارەت بەو گۆڕستانە نوێیەی كە لە سلێمانی دروستدەكرێت، بەهیچ شێوەیەك نادرێت بە كەرتی تایبەت، وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند خۆیان سیاجی دەكەن و سەوزی دەكەن، بودجەی پێویستی بۆ دابین دەكەن".



PM:01:34:07/01/2019