وەزارەتی گواستنەوە: چارەسەری خاوی خەتەکان کرا

ماوەی چەند ڕۆژێكە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە چەند شار و شارۆكەیەك خاوبوونەوەی بە تەواوی بەخۆیەوە بینیوە، وەزارەتی گواستنەوەش ڕایگەیاند کێشکە چارە کراوە، بەڵام بەشداربوان قەرەبوو ناکرێنەوە.

 ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی وشەی وتووە، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیاكانی هێڵی ئینتەرنێت گفتوگۆمان لەسەر خراپی هێڵەكانیان كردووەو پێی ڕاگەیاندووین، ئێستە خزمەتگوزارییەكانیان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئێمە كردوویانە، دەگەیەننە بەشداران و هەر گرفتێكیشیان هەبووبێت چارەسەریان كردووە لە ڕۆژانی ڕابردوو.

ڕاشیگەیاندووە، بەدواداچوونمان كردووە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان و ڕەنگە 2% كەموكورتیان هەبێت، ئەوەش بەپێی ستانداردی جیهانی شتێكی ئەوتۆ نییە.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەش، ئومێد محەمەد دەڵێت ئەو كاتە كۆمپانیا ناچار بە قەرەبووكردنەوە دەبێت كە لە 24 سەعات هێڵی ئینتەرنێت بوەستێت، بۆیە ئەوەی هەبووە لە هەندێك شوێن خاوبوونەوە بووە نەك وەستان.

ماوەی هەفتەیەكە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان خاوبوونەوەیەكی زۆریان بەخۆوە بینیوە و هاووڵاتییان گلەیی زۆریان هەیە لەسەر ئەو خاوبوونەوەیە.




PM:03:43:21/01/2019