جەبار یاوەر: وەزارەتی بەرگری عیراق لیژنە لەسەر دۆسیەی ئەمنی چەند ناوچەیەک پێكدەهێنێت

چەند لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بەمەبەستی تاووتوێكردنی دۆسیەی ئەمنی دیالە و كەركوك و مەخمور و موسڵ و سەڵاحەدین پێکبهێندرێت و ھەفتەی داھاتووش لیژنەکە دەست بەکۆبونەوە دەکات.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی باڵای نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عیراقدا كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە ٥ی شوبات ئەنجامدرا، بڕیاری پێکهێنانی  پێنج لیژنەی ناوچەیی دراوە.

وتیشی، پێنج لیژنەکە پێکهاتوون لە لیژنەی ناوچەكانی (دیالە، سەڵاحەدین، كەركوك، مەخمور، موسڵ).

لەبارەی کاری لیژنەکانەوە جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکردوە، لیژنەكان بۆ ڕوپێوی مەیدانی دەستبەكار دەبن و پێشنیاز پێشكەش دەكەن بۆ دروستكردنی سەنتەری ھەماھەنگی.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکراشیکرد، هەفتەیداهاتو لیژنەکان کۆدەبنەوەو گفتوهۆ لەبارەی کارەکانیانەوە دەکەن،دواتر ئەو راسپاردانەی لیژنەكان ئامادەی دەكەن لەلایەن لیژنەی باڵاوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت.


AM:12:06:06/02/2019