بەغدا هەرێم ناچار دەکات پاشکەوتی مووچە هەڵبگرێت

ئەندامێكی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی یەکێتی رایدەگەیەنێت" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەڵگرێت".

شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری فەرمی یەكێتیی راگەیاندووە، "لەیاسای بودجەی گشتی 2019ی عیراق بە دەق هەیە كەدەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات، ئەو كات حكومەتی فیدراڵی عیراق بڕی 10 ترلیۆن 500 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كورستان دەكات ،كە ئەو پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران و سەرجەم پڕۆژەكانی ترە."

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی " لە بارێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكات، حكومەتی عیراق تەنها بڕی 422 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت".

شیروان میرزا جەختیشكردوەتەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان ئەندامانی لیژنەی دارایی و نوێنەرانی فراكسیۆنەكان و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی نوێنەران كراوە لەسەر بودجە، بۆ ئەوەی ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەوە، ئەو كات ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی فیدراڵًی بۆ هەرێمی دەنێرێت تەنها دەبێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەكاربێت و نابێت بۆ هیچ شتێكی تر بەكاربهێنرێت. 

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ناردنی یەكەم بڕە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی مووچە هەڵگرێت، بۆ ئەوەش حكومەتی فیدراڵی لە نزیكەوە چاودێری دەكات، تا بزانێت ئەو بڕەپارەیە بۆ مووچە بەكاردێت یان بۆ بابەتی تر.

ئەو دەڵێت" لە كاتێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی لانەبردو بەردەوامبوو لەسەری ئەو كات حكومەتی فیدراڵی ئەو بڕە پارەیەش رادەگرێت كە دەبێت بۆ مووچە بینێرێت".



PM:08:15:09/02/2019