وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عێراق نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ توشبوانی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی عێراق نرخی بلیتی فڕۆکەی بۆ توشبوانی سێرپەنجە بە رێژەی %٩٠ کەمکردەوە.

عەباس ناسر بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی رایگەیاند، وەک جێبەجێکردنی داواکارییەکی وەزیری گواستنەوەی عێراق، بڕیاریانداوە نرخی بلیتی فڕۆکە بە ڕێژەی %٩٠ بۆ ئەو کەسانە دابەزێنن، کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە.، ئەمەش لەپێناو  ئاسانکردنی ئەرکی سەرشانی نەخۆشەکان و پێشکەشکردنی ئاسانترین و باشترین خزمەتگوزارییە پێیان.

وتیشی، لەماوەی ساڵێکدا دوو جار ئەم هەلە دەدرێت بە توشبوانی شێرپەنجە، بۆ ئەومەبەستەش دۆسیەی تایبەت لە بەشی بازاڕکردنی کۆمپانیاکە کراوەتەوە بۆ نەخۆشەکان و، سەرجەم ئەو بەڵگەنامانەش هەڵدەگیرێن و دەپارێزرێن کە تایبەتن بە راپۆرتی پزیشکیی نەخۆشەکان.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی راشیگەیاند، ئەمە یەکەم کاری لەم جۆرەی کۆمپانیاکەیان نییە و پێشتریش ئەم هەلە بە بریندارانی ناو هێزە چەکدارەکانی عێراق، حەشدی شەعبی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دراوە.


PM:10:43:17/02/2019