یەكەم قسەی شاسوار عەبدولواحید دوای ئازادكردنی

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازادكرا و لە دوای ئازاد كردنی وتی، "ئێمە خۆمان داناوە بۆ لەمەش خراپتر و تەنانەت بۆ مردنیش لە پێناو ئەم ڕێگایەیی گرتومانە".

 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ئازاری ٢٠١٩ دوای ئازادكردنی، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "خۆمان بۆ مردن داناوە، ئەوەی دوێنێش روویدا تەنها سەرەتایەكە و شتی زۆرتر ماوە رووبدات."

دەربارەی دەستگیركردنەكەشی ئاماژەی بەوەدا، بە باسكردنی هەڵواسینێك زەندەقیان چووە، ئەی رۆژێك خەڵك لە دژیان رادەپەڕێت دەبێت چی بكەن و كاردانەوەیان چۆن دەبێت. وتیشی، "هەموو ناخۆشیی و ستەمێك كۆتایی هەیە و كۆتایی ئەم رژێمە ستەمكارانەش لەسەر دەستی خەڵك دەبێت، میللەتێكیش ناگات بە خۆشگوزەرانی و مافەكانی ئەگەر قوربانی نەدات بۆیە پێویستە خەڵك ئیرادەیان بەهێزبێت، قوربانی بدەن و باوەڕیان بە خۆیان هەبێت".

شاسوار عەبدولواحید سوپاسی "پشتیوانی هاوڵاتییانیش كرد لە كاتی دەستگیركردنەكەیەوە تاكو ئێستا"، وتیشی "ئەم هەنگاوەی گرتوویانەتە بەر وامان لێدەكات سورتر بن نەك سارد ببنەوە".



PM:03:34:04/03/2019