پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی نێوانیان واژۆکرد

بە ئامادەبوونی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پرسەکانی بەغدا و کەرکوک واژۆکرا.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، كە بۆ هەریەك لە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی و مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رێكخرا، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند "واژۆكردنی ئەم رێككەوتنە، هەنگاوێكی زۆر گرنگە، بەڵام عیبرەت لە جێبەجێكردنیدایە، بۆیە كۆمیتەیەك پێكهێنراوە بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی ناو رێككەوتنەكە".

هاوكات، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند ئەمڕۆ رۆژێكی مێژوویی گرنگەو واژۆكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیشمان، لەڕوانگەی بەخەمەوە بوونی ریزەكانی گەلی كوردە وتیشی: رێككەوتنەكە زیاتر بۆ تەبایی و یەكڕیزی و پاراستنی خاكی نیشتمان و بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.

وتەبێژی پارتی جەختیشی لەسەر خستنەگەڕی هەوڵەكان كرد، بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك و بەدیهێنانی ئەو دەستكەوتانەی تائێستا بەدینەهاتوون.



PM:04:30:04/03/2019