ئەمڕۆ ۲٨مین ساڵیادی ڕاپەڕینە

۲٨ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٥ی ئازاری ۱۹۹۱ گەلی کورد لە باشوری کوردستان دژی داگیرکاری و ستەمی ڕژێمی بەعس وەستایە بە ئامانجی بەدیهێنانی چەند مافێکی سەرەتایی و مرۆیی و نەتەوەیی.

بەو بۆنەیەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین یادی ئەو بۆنە مەزنە لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکانی ئەو شارەوە زەڕێوەدەچێت.

ئەم ڕۆژە کە بە ڕاپەڕین ناسراوە بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس بەپاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات یاخیی بوو لەڕژێم و لەچیاکانی کوردستاندا دژ بەڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا.

 ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لەپاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات کە بەو شێوەیە دام و دەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکوومەتی بەعسی عێراق بەسووپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا خەڵکی کوردستان ئاوارەبوون بەرەو سنووری وڵاتە ھاوسێکانی عێراق.

لە بەرەبەیانی ٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولا داڕژانە سەر کوچە و کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین. پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دام ودەزگاکانی حکوومەت، بۆ سەعات ٣ ی سەرلەئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕقووڕنە ٥٠ کەس لە رژێم و ١٠ کەسیش لە ھاولاتیان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورد بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بەراپەرین بکرێت، وەلێ جەماوەر زوو پێش هێزە سیاسیەکان کەوت و ڕاپەرینی بەرپاکرد.

پاش ۲٨ ساڵ لە ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردی بەڵام هێشتا هاوڵاتیان پێیان وایە بەشێکی زۆری مافەکانیان بەدی نەهاتووە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرفراوان لە سەرجەم شارەکانی هەرێم سازکراوە.

ئێستا ساڵیادی ڕاپەڕین لە ڕانیە:



AM:09:10:05/03/2019