شەشەمین دیداری سلێمانی دەستپێدەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ئازاری ٢٠١٩، شەشەمین دیداری سلێمانی له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ عێراق، سلێمانی دەستپێدەکات، ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت.

دیدارەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەجێت، کە تاییا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ڕه‌وشی سیاسی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

سه‌نته‌ری لیكۆڵینه‌وه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ عێراق، سلێمانی  رایگەیاند، رۆژانی 6 و 7ی ئازار شه‌شه‌مین دیداری ساڵانه‌ لە ژێر ناونیشانی "عێراق و وڵاتانی دراوسێ، به‌ره‌و سیستمێكی نوێی هه‌رێمایه‌تی"، بەڕێوەدەچێت و دیداره‌كه‌ سه‌كۆیه‌كی گرنگ ده‌بێت بۆ گفتوگۆكردن. 

لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتاری دەستپێکردنی دیدارەکە پێشکەش دەکات و دواتر دەستدەکرێت بە پانێڵەکانی دیدارەکە.

هەر لە دیدارەکەدا به‌رپرسانی باڵا و پسپۆڕانی ناوداری عێراق و ناوچه‌كه‌، تاوتوێی ئه‌و پرسانه‌ دەکەن، كه‌ روبه‌ڕوی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بنه‌وه‌، له‌وانه‌ سیستمی سیاسی عێراق، سیستمی هه‌رێماییه‌تی، كه‌رتی وزه‌، گه‌شه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و په‌یوه‌ندیدار، بنیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، دانیشتوان و بێكاری گه‌نجان و پرسه‌كانی ئاو و ژینگه‌.
 
سه‌نته‌ریەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، هاوشێوه‌ی ساڵانی رابردوو، دیداری سلێمانی بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ سیاسه‌تمه‌داران كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گفتوگۆی گرنگ و وروژاندنی بیرۆكه‌ی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. 

له‌ ساڵانی پێشوودا، دیداری سلێمانی میوانداری كۆمه‌ڵێك میوانی گرنگی كردووه‌ له‌وانه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و د. عادل عەبدولمەهدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سامر غه‌سبان، وه‌زیری وزه‌ی عێراق و لوئه‌ی ئه‌لخه‌تیب، وەزیری كاره‌با و حەیدەر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عێراق و ئوسامه‌ نوجه‌یفی، جێگری سه‌رۆك كۆمار و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌.

لە ئاستی هەرێمی کوردستانیشدا هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگیری سه‌رۆك وه‌زیران بەشداریان تێدا کردوە.

لە ئاستی کەسایەتیەکانی دەرەوەشدا لە دیدارەکانی پێشوی سلێمانیدا هەریەکە لە عامر موسا، ده‌یڤید مالیباند، فرانسیس فوكویاما، ژه‌نه‌رال ده‌یڤید پاتریۆس و لیسیا داوسیت به‌شداریان لە دیداری سلێمانیدا كردووه‌.


AM:09:29:06/03/2019