تەق تەق.. هێزە ئەمنیەکان داوای چۆڵکردنی هەندێک گەڕەک دەکەن

بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تەق تەق، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی هەرێمی گرتووەتەوە، داوای چۆڵكردنی چەند گەڕەكێك دەكات.

 عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیە راگەیاند " بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی ئاسمانی ناوچەكەی گرتووەتەوە و لافاو و بەرزبوونەوەی ئاوی دوکان مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی گەڕەكەكانی رزگاری و ئاشتی دروستكردووە".

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق وتیشی" داوامان لە هاووڵاتیان كردووە لەپێناو پاراستنی ژیانیان و نەمانی مەترسی لەسەریان ماڵەكانیان چۆڵبكەن، بەڵام هەندێك لەو هاووڵاتیانە نایانەوێت ماڵەكانیان چۆڵبكەن".

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق ئاماچەی بەوەشكرد، لەئێستادا چەند پاركێكی ناحییەی تەقتەق بە ناوەكانی( پاركی گەشتیاری- پاركی چەمی رەشید- گازینۆی تەقتەق) ژێر ئاوكەوتوون و پاركی خاڵخاڵان و پاركی مەهناز لەگەڵ بەشێك لە پاركی قەرەتاو ی سنوری شار ژێر ئاوكەوتوون.

ئەو بەرپرسە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كە ماڵەكانیان پارێزرا و دەبێت و سەرجەم كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان لە ئەركدان و ئاسایش و پۆلیس قەزای كۆیەش بۆ هاوكاریكردنمان گەیشتتونەتە ناوچەكە.

وتیشی: داواش لە هاووڵاتیان دەكەین بەهیچ جۆرێك نەیەنە سەرشەقامی كۆرنیش كە لەسەر زێی بچوكە، چونكە قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەرە و ئۆتۆمبێلێكی زۆر لەسەر شەقامەكەن، تا بتوانین بەشێوەیەكی فراوان كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین.



PM:06:32:31/03/2019