مژدە مەحمود: ئەوەی شادی نەوزاد نیشانیدا گرتە ڤیدیۆیی نەبوو

مژدە مەحمود، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "ئەوەی شادی نەوزاد نیشانی ڕۆژنامەنوسانیدا گرتە ڤیدیۆیی نەبوو"، دەڵێت "با لە دادگا بیسەلمێنێت كە هەڕەشەی لێكراوە"، وادەی گەڕانەوەی شاسوار عەبدولولحیدیش ئاشكرادەكات.

مژدە مەحمود، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "سپی میدیا"ی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "لەناو هەر هێزێكی سیاسیدا نیگەرانی و گلەیی هەیە، بەڵام پێویستە لەناو حزبەكەدا تاوتوێ بكرێت نەك بكرێتە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و بەیاننامە".

هەروەها دەڵێت "تەحەدا دەكەم هیچ كام لەو پەرلەمانتارانە لەناو نەوەی نوێدا ڕەخنە و گلەییەكانیان گەیاندبێ تا بڵێن گوێمان لێنەگیراوە".
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ سەبارەت بە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی شادی نەوزاد دەڵێت "شادی خان دەتوانێت بەڵگەكانی پێشكەشی دادگا بكات و بۆ دادگای بسەلمێنێت كە شاسوار عەبدولواحید یان كەسێكی جوڵانەوەكە ئەو هەڕەشەیەی لێكردوە، بەڵام پێموانیە ئەوەی نیشانی ڕۆژنامەنوسانیدا گرتە ڤیدیۆیی بێت".

سەبارەت بە وادەی گەڕانەوەی سەرۆكی جوڵانەوەكە مژدە مەحمود وتی "ئەمڕۆ یان سبەی شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە و بابەتەكان بۆ هاوڵاتیانی كوردستان ڕووندەبنەوە".




AM:10:30:25/04/2019