لێپرسراوێکی گۆڕان وەڵامی عەبدولرەزاق شەریف دەداتەوە

باژێڕوانی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاسۆ مەحمود وەڵامی نووسینەكانی عەبدولڕەزاق شەریف دەداتەوەو دەڵێت" چاوەڕێی قسەی خێرت لێ ناکەین"

ئاسۆ مەحمود باژێڕوانی سلێمانی گۆڕان لە نوسینێكدا لە ئەکاونتی خۆی وەڵامێکی عەبدولرەزاق شەریف بەوتارێک بەناونیشانی "وەڵامێکی کورت بۆ عەبدولرەزاق شەریف" نووسیوێتی، "لە ڕاستیدا من حیکایەت خوان نیم تا بتوانم قسە بهۆنمەوە، بە باشی نازانم لە ئێستادا وەڵامم هەبێت تایبەت بە خۆتان و کارکردنتان لە ناو گۆڕانو دەرەوەی گۆڕان چونکە تۆ دەرکراویت، چاوەڕێی قسەی خێرت لێ ناکەین، نامەوێت قسە لەسەر کەسایەتی خۆت بکەم، بە کورتی و پوختی لە سەر چەند گێڕانەوەیەکی نا ڕاستی ئێوە ڕونکردنەوە دەدەم، هەتا وا هەست نەکەیت حیکایەتەکانتان ڕاستی یە".

باژێڕوانی سلێمانی دەنووسێت: "لە بەشی یەکەمی نوسینەکەتان دەڵێن کاک عمری سید علی پارەی بە گوێنی لە مام جەلال وەرگرتوە، ئەم قسەیە ئەوەندە بوختانێکی گەورەیە کە بە درێژای ئەو ناکۆکیە گەورەیەی کە هەمانبوە لەگەڵ یەکێتی، هەرگیز دەستیان بۆ بوختانی لەو چەشنە نەبردوە، ژیانی سادەی کاک عمری سید علی شاهیدی ئەوەن کە هەرگیز بڕوای بە دینار و دۆلار نەبوە، ئەگەر بەڵگەت هەیە بیخەرە ڕو و قسەی بێ بنەما مەکە.
یان دەڵێت مام جەلال بە فەردە پارەی پێ داوە تا بەکاری بهێنێت دژی کاک نەوشیروان؟".

راشیگەیاندووە كە عەبدولڕەزاق شەیف لە بەشێكی كەمی رووداوەكاندا هەیە "بەڵام قسە هەڵدەبەستن، بۆ نمونە ڕاستە ئەو کۆبونەوەیەی مەکتەبی سیاسی کراوە و ئەو چەند خاڵە درا بە مام جلال، بەڵام ئەوە قسە هەڵبەستنە کە فڵان لە کۆبونەوەکە وای بە کاک عمر وتوە، ئەوەش درۆیە کە پارەی وەرگرتوە،ئەوەش قسە هەڵبەستنەکە دژی کاک نەوشیروان بوبێت".

هاوكات رەتیشیدەكاتەوە كە عەبدولڕەزاق شەریف لە نێو "باڵی ریفۆرم"دا بووبێت و "نەمبیستوە ئێوە ڕیفۆرم بوبێتن، ئەوانەی ئاگادارن شاهیدی ئەوە دەدەن کە کاک نەوشیروان و کاک عمر بە درێژای چل ساڵ خەبات لە یەک بەرەدابون، نەک وەک ئێوە دەڵێن کە هەر یەک لەلایەک بوە و مام جەلال بە گونیە پارەی پێداوە دژ بە کاک نەوشیروان".

ئاسۆ مەحمود ئاماژەش دەدات كە بەشێكی نووسینەكانی عەبدولڕەزاق شەریف كاردانەوەی دوورخستنەوەیەتی لە گۆڕان و سەبارەت بە ناكۆكییەكان و بۆچوونی عومەر سەید عەلی لەسەر پرسی بەخاك سپاردنی تەرمی نەوشیراون مستەفاش دەڵێت: "ئاگاداری ئەو حیکایەتە نیم کە کاک عمر و کوڕەکانی کاکە هاتونەتە (ک ن ن ) ، بەڵام ئەو ڕۆژەی کاک نەوشیروان کۆچی دوای کرد، دوا کەسی گردەکە کە لە خەو هەستا تۆبویت، هەق نیە خۆتان لیببێتە پاڵاوان و هەر خۆتان ببینن.

هەرچی پەیوەندی بە مەراسیمی بە خاک سپاردنەوە، لە یادمە سێ سیناریۆ هەبو، یەکەم تەرمی پاکی کاک نەوشیروان لە ماڵەکەی بمێنێتەوە لە ساردکەرەوەدا هەتا رۆژی دواتر بە خاک بسپێرێت، سیناریۆی دوەم ئەوەبو کە تەرمی پیرۆزی کاک نەشیروان رۆژی دواتر لە نەخۆشخانەوە بە مەراسیم بهێنرێتەوە بۆ گردەکە، سیناریۆی سێهەم کە ئەساسی فکرەکە ئێمە بوین وەک مەکۆی سلێمانی، بەندە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کاک قادری حاجی علی کرد ، بۆم باسکرد کە لە دوای مردنی شێخ محمودەوە هەر سەرکردەیەک لە سلێمانی کۆچی دوای کردبێت، ، تەرمەکەی لە مزگەوتی گەورەوە بەڕێکراوە بۆ گۆڕستان. بۆیە وەک مەکۆی سلێمانی پێشنیار دەکەین تەرمی پاکی کاک نەوشیروان لە نەخۆشخانەی فاروقەوە بگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی گەورە و بەیانی نوێژی لەسەر بکرێت و بەڕیپێوان بەرێ بکرێت بۆ گردی زەرگەتە. کاک قادر وتی ئەوە پێشنیارێکی بەجێ یەو ئێستا ئەچمە کۆبونەوەو پێشنیاری دەکەم. پاش کاتژمێرێک تێلی کردەوەو وتی ئەوەی ئێوە پەسەند کرا بڕۆن ئەو قەڵەباڵغیەی بەردەم ن. فاروق کەمبکەنەوەو بە خەڵک بڵێن بەیانی تەرمی کاک نەوشیروان دەبرێتە مزگەوتی گەورە. ئیتر ئەوەی کاک رزاق باسی دەکات دروستکراوی خەیاڵی خۆیەتی".



PM:09:43:07/05/2019