بارزانی نامەیەکی تایبەت بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ دەنێرێت

ماوەیەک لەمەوپێش (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی ئاسایی کردنەوەی کەرکوک نامەیەکی تایبەت دەنێرێت بۆ (کۆسرەت ڕەسوڵ) جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

سەرچاوەیەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کورستانەوە بە (سپی) ڕاگەیاند" ماوەیەک لەمەبەر لەسەر دۆخی کەرکوک و جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان نامەیەکی تایبەتی ئاڕاستەی کۆسرەت ڕەسوڵ کردووە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، مەسعود بارزانی لەو نامەیەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، پارتی و یەکێتی وەفدێکی هاوبەش بنێرن بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆ و بەمەبەستی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد.

(سپی) زانیویەتی لەو نامەیەدا مەسعود بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، لەدوای متمانە دان بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هەنگاو بنێت بۆ دانانی پارێزگایەک بۆ کەرکوک.( بەپێی ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی پارێزگاری نوێی کەرکوک یەکێتی دەبێت و هاوکات دەبێت لەلایەن پارتیش پەسەند بێت).

هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە لەگەڵ ڕاسپاردنی (مەسرور بارزانی) بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ یەکێتی و پارتی وەفدی هاوبەش بنێرتن بۆ بەغداد هەوڵبدەن لەو ماوەیەدا پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک دابنێن.



AM:11:50:18/05/2019