دایكان و باوكان لە مەترسی جۆرە یاریەكی منداڵانە ئاگادار دەكرێنەوە

بەهۆی هەبوونی سپرنگی بەهێز و پارچەیەك ئاسن تێیدا، لیژنە هاوبەشەكان دەست بەسەر ژمارەیەك یاری دەمانچەی منداڵدا دەگرن و داوا لەدایكان و باوكانیش دەكەن بە وریاییەكی زیاترەوە ئاگاداری منداڵەكانیان بن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی ئایاری 2019 لیژنەیەكی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە 50 دەمانچەی موروی منداڵانەدا گرتووە كە بەهۆی هەبوونی سپرینگە بەهێزەكەیەوە مەترسی بۆ سەر منداڵ و بەركەوتنی بە شوێنێ ناسكیان دروست دەكات، هەبوونی سپرینگێكی بەهێزی لەوجۆرە و بەكارهێنانی بۆ تەقادنی موروەكە، مەترسی بەركەوتنی چاو یان ئەندامێكی ناسكی تر لەلەشی ئەو منداڵانەی یاری پێدەكەن‌ دروستدەكات.

قاسمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە "لەگەڵ ئەوەی لەكاتی دروستكردنەكەیدا پارچە ئاسنیان بۆ قورسكردنی كێشی دەمانچەكە بەكارهێناوە و بەساغی لە دەسكی دەمانچەكە دانراوە، وادەكات لەكاتی بەركەوتنی بە شوێنێكی منداڵ مەترسی شكان دروست بكات.

بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە تەواوی ئەو یاریانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەكەی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

داوا لەدایكان و باوكانیش دەكەن بە وریاییەكی زیاترەوە ئاگاداری منداڵەكانیان بن لە كڕینی ئەو جۆرە یاریانە و لەكاتی هەبونیدا لە دوكانی گەڕەكەكانیاندا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لێ ئاگاداربكەنەوە.



PM:02:07:26/05/2019