پەكەكە هۆشداری توند دەداتە پارتی...شەڕ ڕوودەدات

پەكەكە هۆشداریی توند دەداتە پارتی و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕاستبێت پارتی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژ بە گەریلاكانی پەكەكە ئەنجام بدەن، ئەوا ئەنجامەكەی شەڕ دەبێت.

دوران كاڵكان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ئەوەی ئاشكراكرد، پارتی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لە ڕێككەوتندایە بۆ گرتنی چەند گرد و چیایەك و تا لەو ڕێگەیەوە ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی پەكەكە ئەنجام بدەن.

كاڵكان ئاماژەی بەوەشكردووە، "كاتێك دەوڵەتی تورك دەیەوێت چیا بەرزەكان بگرێت، پارتیش دەیەوێت گرد و چیای بەرامبەر ئەوانە لە باشور بگرێت، پارتی دەیەوێت هێڵی گۆشینە، گەوریا بەربزنان، كانی قڕێژ، گردە بڵندەكانی ژوورووی سیدەكان و دەڤەری برادۆست بە پێشمەرگەكانی خۆی بگرێت."

ڕاشیگەیاندووە، "ئەگەر دۆخەكە وەها بێت، ئاشكرا دەبێت كە بەو شێوەیە پارتی و دەوڵەتی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لەدژی گەریلاكانی پەكەكە بەڕێوە دەبەن، ئەگەر قسەكان و ئەو شتانەی دەوترێت ڕاست بێت، ئەوە یارییەكی مەترسیدارە و پارتی دەكەوێتە ناو پیلانێك وەكو ئەوەی ساڵی ١٩٩٧".

ئەو بەرپرسەی پەكەكە هۆشداریی ئەوەشی دایە پارتی، "ئەگەر هەوڵبدات ئەو شوێنانەی كە ناویان هات بیگرێت بە ئامانجی ئەوەی بەرخۆدانی گەریلا و گەل لە بەرامبەر داگیركاریی تورك لە باشور سنووردار بكات، ئەوە بە واتای ئەوەیە كە دەكەوێتە ناو شەڕ، ئەنجامی ئەم هەوڵدانە شەڕ دەبێت، با هەموو كەسێك بزانێت".



PM:12:32:11/06/2019