ئەمشەو دیاردەی‌ مانگ گیران ڕودەدات

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسیی و بومەلەرزەزانیی ڕاگەیەندراوێكی لەسەر مانگ گیرانەكەی ئەمشەو بڵاوكردەوە و كاتەكەی ئاشكرادەكات.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بەپشتبەستن بەپێوانە فەلەكییەكان، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی‌ 7ی 2019، مانگ گیرانێكی نیمچەیی (Partial Lunar Eclipse)  لەئاسمانی هەرێمدا دەبینرێت جگە لەهەرێمی كوردستان، ئەم مانگ گیرانە لەهەریەكە لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەفریقیاو ئاسیای ناوەڕاست و زەریای هیندیش دەبینرێت.

كەشناسی‌ ئاماژەی‌ بەوەشكردوە، "كاتژمێر 9:43ی ئەمشەو، مانگ گیران دەستپێدەكات و ئەوكاتە مانگ دەچێتە ناوچەی نیمچە سێبەری زەوی  (Penumbra)كە ئەستەمە بەچاوی ئاسایی هەستی پێبكرێت، بەڵام لەڕێگەی وێنەگرتنی فەلەكی دەردەكەوێت، كاتژمێر 11:01ش، مانگ گیرانی نیمچەیی دەستپێدەكات و مانگ دەچێتە نێو ناوچەی سێبەری تاریكی زەوی (Umbra) و ئەوكاتەش بەچاوی ئاسایی هەستی پێدەكرێت".

كەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشكردوە، "كاتژمێر 12:30 خولەكیش، مانگ گیرانی نیمچەیی دەگات بەبەرزترین ئاست و نزیكەی 74%ی دیسكی ڕوناكی مانگ تاریك دەبێت، لەكاتژمێر 1:59 خولەكیشدا كۆتایی قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەیی كە ماوەكەی بەتەواوی دوو كاتژمێرو 58 خولەك دەخایەنێت، لەكاتژمێر 3:17 مانگ گیران كۆتایی دێت".

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی ڕایگەیاندوە، "كاتی گشتیی دیاردەی مانگ گیران بەهەرسێ‌ قۆناغ پێنج كاتژمێرو 33 خولەك و 16 چركە دەخایەنێت و قۆناغی مانگ گیرانی نیمچەسێبەریش بەچاوی ئاسایی هەستی پێناكرێت، چونكە دوریی نێوان مانگ و زەوی لەمشەودا دەگاتە 398 هەزارو 571 كیلۆمەتر".



PM:02:42:16/07/2019