کوتلەیەکی شیعی داوا دەکات بەغدا بوودجەی هەرێم نەنێرێت

ئیتلافی نەسر كە لە لایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، داوایكردوە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رابگیرێت.

فالح زیادی، پەرلەمانتاری ئیتلافی نەسر بە میدیا عیراقییەکانی راگەیاندووە " هاوپەیمانییەكەمان سكاڵایەكی ئاراستەی دادگای كارگێریی كردوە و تێیدا داوایكراوە خەرجكردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە لە یاسای بودجەی 2019دا دەنگی لەسەر دراوە رابگیرێت، تا ئەوكاتەی هەرێم رازی دەبێت نەوتەكەی رادەستی حكومەتی بەغدا بكات".

ئەو پەرلەمانتارەی ئیتلافی نەسر، "خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم سەرپێچیكردنە لە بەندەكانی بودجەی فیدراڵی، چونكە دەبێت هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستە داراییەكانی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات". 
 
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨دا توانی تەنها ٤٢ کورسی لەپەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنیت.



PM:09:20:02/08/2019