بەوێنە؛ ببینە خواردنی عەرەبانەكانی لای مزگەوتی گەورە چۆن ئامادە كراوە؟

قایمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر 35 كلیۆ گۆشتی خراپدا گرت كە خواردەمەنی بۆ عەربەبانە و دەستگێڕەكانی لای مزگەوتی گەورە دابین كردووە.

هەرێم عەبدولڕەحمان سەرۆکی لیژنەی رێستۆرانت لە قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند لە هەڵمەتی ئەمشەو پێنجشەممە لەلایەن لیژنەی رێستۆرانتی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانیدا كە بە هاوکاری پۆلیسی سەرا ئەنجامدرا، لە کۆگایەکدا دەست بەسەر بڕی (35) کیلۆگرام گۆشت و دوگی ئاژەڵی خراپدا گیراوە کە خواردەمەنی بۆ عەرەبانە و دەستگێرەکانی لای مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی ئامادە دەکات.

وتیشی؛ بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی تەواوی گۆشتەکە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەریەوە لەناودەبرێت و خاوەنی کۆگاکە لەلایەن بەشی یاسای قایمقامیەتەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

قائمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند لیژنە هاوبەشەکان داوا لەهاووڵاتیان دەکات كە لە پێناو تەندروستی خۆیاندا خواردن و خواردنەوەی تەندروست و پاکوخاوێن بخۆن و لەو شوێنانەی خۆراکەمادەی خراپبوو و نەشیاو بەکاردەهێنن دووربکەونەوە و زیان بەتەندروستی خۆیان مەگەیەنن.

لیژنەی رێستۆرانت و کافتریا و شوێنە گەشتوگوزاریەکان، یەکێکە لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رۆژانە سەردانی رێستۆرانت و چێشتخانە و هەموو ئەوشوێنانە دەکات خواردن ئامادە و پێشکەشی هاووڵاتیان و میوان و گەشتیارانی شاری سلێمانی دەکات.


AM:11:37:23/08/2019