بڕیاری‌ له‌سێداره‌دان بۆ بكوژانی‌ تاریقی‌ به‌قاڵ ده‌رچوو

دادگای سلێمانی کۆتا بڕیاری بەسەر بکوژانی تاریقی بەقاڵ، دەرکرد و کەسوکارەکەشی وردەکاریی دانیشتنەکەی دادگا ئاشکرادەکەن، جەختیشدەکەنەوە، "بافڵ تاڵەبانی پێیڕاگەیاندین بەھەموو شێوەیەک پشتیوانیتان دەکەم".

حاجی مەولود مارف خاڵی تاریقی بەقاڵ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەیەکەم دانیشتنی دواخراوی بکوژانی تاریقی بەقاڵدا ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی تاریق دەرکرد، سزاکەش بەشێوەیەکە لەسێدارەدان ھەتا مردن".

 ئەوەشی ڕونکردەوە، "یەکێک لەئەنجامدەرانی تاوانەکەش ڕایگەیاند کە ئەو بێتاوانە، بەڵام دوو تاوانبارەکەی دیکە وتیان ئەویش بەشداربوەو پێکەوە تاوانەکەمان ئەنجامداوە، بەڵام داوادەکەین دادگا لێمان ببورێت".

سەبارەت بەو گرژیەشی لەناو دادگا دروستبوو، وتی"ئێمە لەناو دادگا بوین کاتێک تاوانباران برانە دەرەوە، ئێمەش ناڕەزاییمان دەربڕی، دواتر دادوەر جەختیکردەوەو پێیڕاگەیاندین ھیچ نابێت ڕوبدات کەمێکی دیکە بڕیار دەدرێت، ئەوەبوو ھەرسێ تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا".

وتیشی "داوا لەسەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەرچی زوە ئەو سزایە جێبەجێبکرێت و تاوانباران بەسزای ڕەوای خۆیان بگەن".

تاریقی بەقاڵ لەمانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرا، لەڕۆژی ٧ی ٤ی ٢٠١٩یشدا لەکاتی ئاشکراکردنی دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداردا لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە، ئاشکرابوو کە لەلایەن ئەو باندەوە تاریق ڕفێندراوە، دوای ئەوەی دوو فیشەکیان بەقاچیەوە ناوە، دواتریش بەجامانەکەی ملی خنکاندویانە.

ھەر ئەو باندە، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دانیان بەوەدا نا کە ئەوان (تاریقی بەقاڵ)و (مەریوان دارا)یان لەسلێمانی کوشتوە.



AM:11:43:12/09/2019