وەزارەتی بەرگری تورکیا: سەری کانێمان کۆنترۆڵ کرد
هەسەدە ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند " شاری سەری کانێ لەلایەن سووپای تورکیاو هێزە هاوپەیمانەکانیەوە کۆنترۆڵکراوە"، هەسەدە ئەو هەواڵە بە درۆخستەوە.

 

ماوەی چوار رۆژی شەڕ تورکیا هەموو توانا سەربازییەکانی و نزیکەی ١٠٠ هەزار چەکداری هێزە ئیسلامییەکانی سەر بەو ولآتە لە هێرشێکی چڕدان بۆ کۆنترۆڵی سەری کانێ، ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی یەکەم وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند" کۆنترۆڵی شارەکەیان کردووە"، بەپێچەوانەوە هەسەدە هەر زوو رەتیکردەوە کە شارەکە کۆنترۆڵکرابێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تا ئێستا شەڕ لەچوار دەوری شارەکە درێژەی هەیە.

 

ئامانجی سەرەکی تورکیا هەردوو شاری سەریکانێ و گردە سپی یە، بۆئەوەی کانتۆنی کوبانێ لە کانتۆنی جەزیرە داببڕێت، ساڵی پاریش لە سووپای تورکیاو هاوپەیمانە ئیسلامییەکانی کۆنترۆڵی عفرینیان کردو بەمەش ئەو شارەیان لە کانتۆنەکانی دی رۆژئاوا دابڕی.

 



PM:12:58:12/10/2019