ژمارەی کوژراوانی خۆپشاندانەکانی شارەکانی کوردستانی ئێران لە بەرزبوونەوەدایە

ئەمڕۆ یەک شەممە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ئێران ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" لانیکەم ٩٠ هاوڵاتی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون"

 

ماڵپەڕی هەنگاو ڕاشیگەیاند" ڕۆژی شەممە ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لانیکەم ٩٠ کەس لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە و مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١١ کەسیان گیانیان لەدەست داوە".

 

سەرچاوەکە وتیشی" لە شاری جوانڕۆ نزیکەی ٦ خۆپێشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران و ٤٣ کەسی دیکە بریندار کراون".

 

ماڵپەڕەکە ناسنامەی دوو کەس لە کوژراواکانی ئاشکراکردووە و دەڵێت" دوو کەس لە کوژراوەکان بە ناوەکانی “کاوە محەممەدی” و “حەمزە” و یەکێکی دیکە لە کوژراوان فەرمانبەری شارەوانی بووە"

 

ماڵپەڕی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" لە شاری مەریوان ٤ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراون ١١ هاووڵاتی دیکە کە سێ کەسیان منداڵن، بریندار کراون. ناسنامەی سێ کەس لە کوژراوەکان بە ناوەکانی “عوسمان نادری” و “مێهران تاک” و “بێهرووز” بوون، هاوکات لە شاری سنەش لاوێکی تەمەن ١٦ ساڵ کوژراوە و ٢٥ کەسی دیکە بریندار بوون".

 

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران لە کاتێکدایە، بە بڕیارێکی کۆمپانیای نیشتمانی دابەشکردنی سوتەمەنی ئێران، دوێنێ نرخی بەنزین دوو هێندە لە نرخی جارانی گرانترکرا و سەرەی بەنزینیش دەستیپێکرد، بەو هۆیەوە  خۆپیشاندانی شۆفێران و هاوڵاتیان دەستیپێکردووە، لەهەندێک شارەکان خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

 

خۆپیشاندەران لەژمارەیەك لە شارەكان بانك و وێستگەكانی سوتەمەنیان سوتاند و لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەكان ئاگرییان كردەوە.

 

 



AM:10:37:17/11/2019