چاوپێکەوتنەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر خەڵکی سلێمانی کردووە بە دوو بەشەوە

لە چاوپێکەوتنێکی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لەگەڵ کەناڵی ئێن ئارتی و، قسەکردنی لەسەر دابەشکردنی نەوت و کڕینی دەخیلەو کۆکردنەوە پارە بۆ نەوت کڕین لەلایەن خێزانەکانەوە، دەبێتە مایەی مشتومڕێکی زۆری نێو تۆڕە کۆمەلآیەتییەکان و شوێنە گشتیەکان و کۆمەڵگای سلێمانی کردووە بە دوو بەشەوە.

 

دوێنی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن ئارتی پێشنیاری کرد کە هەر خێزانێک لە هەرێم دەخیلەیەک دابنێ و رۆژی ٢٥٠ دیناری تیا پاشەکەوت بکات، ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانێت نەوت بکڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لە هاولآتیانی کوردستان وەک سالآنی پێشوو نەوتیان وەرنەگرتووە. ئەم قسانەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە دوێنێوە خەڵکی شاری سلێمانی لە تۆڕە کۆمەلآیەتییەکان و کافێ و چایخانەکان کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێک داکۆکی لێدەکەن و بەشێکی دی دژی دەوەستنەوە.

 

لە تۆڕەکۆمەلآیەتییەکان هەندێک پێیانوایە ئەو بۆچوونەی هەڤاڵ ئەبوبەکر سووکایەتییە بەهاوڵاتیان، ئەوان دێن پارەکە هەژمار دەکەن و دەڵێن: ئەو بڕەی ئەو باسی دەکات زستان تێدەپەڕێت و هێشتا نەیانتوانیووە بەرمیلێک نەوت بکڕن. هەندێکی دی پێیانوایە پارێزگارەکەیان لە هەموو بۆنەیەکدا بەهۆ و بێ هۆ قسەدەکات و درێژدادڕی دەکات و باش و خراپیش دەڵێت. هەندێکی دی پێیانوایە کە هەڤاڵ ئەبوبەکر هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ پارێزگارەکانی پێشووی سلێمانی و بێ دەسەلآتەو هیچی بۆ سلێمانی نەکردووە.

 

لە تۆڕە کۆمەلآیەتییەکان پێچەوانەی ئەم رایانەش هەیە، ئەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سلێمانی پارێزگاری دەست و داوێن پاکی وەک ئەمی بەخۆوە نەبینیووە، هەروەها هاوسەنگیەکی باشی لەنێوان لایەنەکان راگرتووە، لە هەموو بۆنەو یادەکان ئامادەیەو دەرگای ئۆفیسەکەی بۆ هەموو هاوڵاتییەک کراوەتەوە، موڵک و ماڵی پۆستەکەی بەکار نەهێناوە بۆ کاری تایبەتی خۆی و کەسێکی خاکییە.

 

هەەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشکی گۆڕان، هەرچەندە بەپێ ڕێکەوتنی دوو ساڵەی نێوان یەکێتی و گۆڕان ماوەکەی بەسەرچووەو هیچ رێکەوتنێکی نوێی نێوان ئەو دوو لایەنە گرێنەدراوە، بەلآم ئەم درێژەی بە مانەوە لە پۆستەکەیدا داوەو یەکێتیش لێی بێدەنگ بووە، ئەم پارێزگایەی سلێمانی لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی نوێ، یان رێککەوتنێکی نوێ دەکات بۆ دیاریکردنی ئایندەی پۆستەکەی. 

 

 

 

 

 



PM:08:37:02/01/2020