حکومەت‌و وەبەرهەمهێنەران کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ لاوان

سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی لەگەڵ وەبەرهەمهێنەرانی کوردستان کۆبوونەوە بەمەبەستی وەبەرهەمهێنان و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار دا زیاتر گرنگی بە لاوانی هەرێمی کوردستان بدەن.


 
رۆژی سیشەممە ٢٨ی کانوونی دووەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 


لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو ، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کودستان کرا.


سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کەحکومەتی ھەرێم پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رووتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.

 


سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین. گوتیشی پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت.

 


سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە رووی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانیی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا. داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە لە دەرفەتەکانی کارکردندا زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت.

 


پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.

 


PM:05:51:28/01/2020