رێژەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی كوردستان تا نیوەڕۆ

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە تا وەكو نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە ٣٠%. ئەو دەنگدەرانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە.

میقداد شەریفی، سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە بەغدا رایگەیاند: "رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو كاژێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە ٣٠%ی ئەو دەنگدەرانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە".

میقداد شەریفی وتیشی "هەندێك گرفت لە كاركردنی ئامێرەكانی خوێندنەوەی كارتی دەنگدان و پەنجەمۆر هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام كۆمیسیۆن لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەكردنی ئەو گرفتانە".

ئەندامەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەشدا كە "چاودێرەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كەسێكیان ئاشكراكردووە ٤٥ كارتی دەنگدانی پێبووە"، بەبێ ئەوەی شوێنی ئاشكراكردنی ئەو كەسە ئاشكرا بكات.

ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە هەموو ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كردستان بەڕیوەدەچێ و بڕیارە پرۆسەكە تا كاژێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێ.



PM:04:45:30/04/2014