بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی كوردی و جەژنی نەورۆز بڵاوكردەوە و رایگەیاند" دڵنیابن پێکەوە، زوبەزو مەشخەڵی نەورۆزی سەرکەوتنێکی دیکەی نوێ دادەگیرسێنین، لەوەش دڵنیابن لەسەرانسەری عێراق و کوردستانی خۆشەویستیشەوە، لەکایەیەکین، بۆ ئەوەی ھەمو ئاستەنگ و کێشەکانی ئەم ڕۆژگارە تێپەڕێنین بە کۆڕۆناشەوە".
دەقی پەیامەكەی:
جەژنی نەورۆزتان پیرۆز...
نەورۆز جەژنی سەرکەوتن و لێبوردەیی و ئازادییە، سیمبولی کۆتاییھاتنی زوڵم و زۆردارییە، دەسپێکێکی گرنگە بۆ بوژانەوە و نوێبوونەوە.
لەم نەورۆزەدا، کە پەتای کۆرۆنا بووە بەھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، بەداخەوە خەڵکی ئێمە وەکو سەرجەم مرۆڤایەتی بۆ خۆپارێزی خۆی، ناچاری مانەوەیە لەماڵەوە.
دەزانم کوڕان و کچانی ئێمە، ژنان و گەنجان و یەک بەیەکی ڕۆڵەکانی گەل وەک نەریتی ساڵانە، خواستی سەیران و ڕژانە دەشت و دەر و شایی و ھەڵپەڕکێ و کۆڕ و کۆبوونەوەی بەکۆمەڵی یارانیان بەدەوری مەشخەڵی نەورۆزدا ھەیە، بەڵام دەشزانم کە ئێمە لە جەنگی لەناوبردنی زوحاکێکی ڤایرۆسین، کە کۆرۆنایە و چەکوشی پانکردنەوەی سەری زوحاکی ئەو پەتایەش، پابەندبوونە بە ڕێنماییەکان و مانەوەیە لەماڵ، خۆبەدورگرتنە لە قەرەباڵغی و کۆڕ و کۆبونەوە و گردبوونەوەی بەکۆمەڵ.
بەداخەوە قەدەر وایە، یادکرنەوەی ئەم نەورۆزە جیاوازە، بۆیە گرنگە ھەموومان بە ھیواوە، بەخەندە و خۆزگەی پڕ لە ئیرادەوە، لەناو ماڵ و خێزان و خۆشەویستانماندا، ئەم یادە ئاڵ و واڵا بکەین و چێژ لەدەرفەتە جوانەکانی ناو خێزان و ئازیزانمان وەربگرین و بەخۆشیەوە مەشخەڵی نەورۆزی رووناکردنەوە و پێکەوەبون لەناو دڵی ئازیزانماندا، بەشێوە کۆمەڵایەتییە تایبەت و جیاوازەی ئێستای ناو ماڵ و خێزان لە پێناو ژیانێکی باشتر و تەندروستتر و بەجیاواز لە جاران دابگیرسێنین.
خوشک و برایانی خۆشەویست
دڵنیابن پێکەوە، زووبەزوو مەشخەڵی نەورۆزی سەرکەوتنێکی دیکەی نوێ دادەگیرسێنین، لەوەش دڵنیابن لەسەرانسەری عێراق و کوردستانی خۆشەویستیشەوە، لەکایەیکین، بۆ ئەوەی ھەموو ئاستەنگ و کێشەکانی ئەم ڕۆژگارە تێپەڕێنین بە کۆڕۆناشەوە. پشتیوان بە پابەندی و خۆڕاگری ئێوە و پشت ئەستور بەخوای گەورە ئیرادەی گەل روو لە داھاتووی نوێ و نەورۆزی نوێ و سەرکەوتنە و ئاسۆی داھاتوویەکی باشتر روونە.
دووبارە نەورۆزتان پیرۆز، نەورۆزتان ئارامی و سەرکەوتن بێت.
خودای گەورە خۆتان و خێزان و خۆشەویستانتان پارێزراو بکات.
ھەربمێنن بە تەندروستی باش و بەخۆشەویستی بەردەوامەوە.
ھەموو ڕۆژێکتان نەورۆز و ھەموو نەورۆزێکتان داھاتووی گەش و سەرفرازی بێت.
د.بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
٢٠٢٠/٣/٢٠