لەبارەی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بڕیار دەدرێت

وا بڕیارە سبەینێ لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە و تەوەرێكیش تاوتوێی كردنەوەی مزگەتەوكان دەبێت.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا پێشوازیكرد لە دەستەیەك لە زانایانی ئایینی ئیسلام، كە بە نوێنەرایەتیی زانایانی ئاینی و نوێژخوێنانی سنوری پارێزگای سلێمانی سەردانی پارێزگاری سلێمانییان كردبوو.

لە دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پێزانینی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنای پێشكەشكردن لەبەرامبەر پابەندیی و خۆپارێزیی و بەشداریی كارایانەیان لە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنادا.

دواتر گفتوگۆ لەسەر كردنەوەی مزگەوت و شوێنە ئایینیەكانی تر كران و پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی خۆی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنای بۆ داواكارییەكانیان دەربڕی. وابڕیارە سبەینێ لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆببنەوەو بڕیاری پێویست لەم بارەیەوە دەربكرێت.

پارێزگاری سلێمانی مامۆستایانی ئاینیی دڵنیا كردەوە كە بەپێی مەرج و رێنمایی و رێكارە تەندروستییەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا دەرگای مزگەوت و شوێنە ئایینیەكان دەكرێنەوە.



PM:05:54:06/05/2020