پزیشكێكی چینی كه‌ توێژه‌ری کۆرۆنایه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا کوژرا

لوقمان غەفوور

 

توێژەرێکی چینی کە لە ئەمریکایە، دوای توێژینەوە لە كۆرۆنا (کۆڤید 19) لە ویلایەتی په‌نسلڤانیا، بەکوژراوی دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی  سی ئێن ئێن ، تەرمی د. بینگ لی - 36 ساڵ، بە کوژراوی ڕۆژی 2ی ئایار لە ئەپارتمانەکەیدا لە شاری لیتسبێرگ ویلایەتی په‌نسلڤانیا، دۆزرایەوە کە تەنیا یەک فیشەک بە سەرییەوەیەتی.

د. لیو مامۆستای یاریدەدەر و توێژەری فاکه‌ڵتی پزیشکی زانکۆی پیتسبێرگ- په‌نسلڤانیایە و ئەزموونێکی باشی لە دیزاینی کۆمپیوتەیشنەڵ و شیکاری دینامیکی سیستمی بایۆلۆجی ھەیە.

بەپێی ڕای کۆلیژەکەی لی، کەسێکی بەتوانا بووە و سەرقاڵی توێژینەوەیەک بووە لەسەر کۆرۆنا ڤایرۆس و تا ڕادەیەک کۆتایشی پێھێناوە.

ئیڤیت باھار  سەرۆکی بەشی بایۆلۆژی بۆ سی ئێن ئێن وتی: "سەرقاڵی توێژینەوەیەکی باش بوو کە ببووە جێگەی خواستی ھەمووان لەسەر کۆڤید ١٩". وتیشی: "ئێمەشی بەشدار پێکردبوو لە توێژینەوەکەی کە ئەویش له‌ بارەی چۆنێتی میکانیزمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیه‌. ئێمە ھیواخوازبووین کە توێژینەوەکە پێکەوە تەواو بکەین".

بەپێی توێژینەوەکەی کە زانکۆکەی بڵاویکردەوە (لی) لەسەر ئاراستەیەک ئیشی دەکرد کە گرنگ بوو بۆ چۆنێتی میکانیزمی چەندجارەی تەشەنەسەندنی بنەچەی خانەکانی کۆڤید 19. بۆیە سەرۆکی بەشی بایۆلۆجی وتی: "ھەموو تواناکان تەرخاندەکەین بۆ تەواوکردنی توێژینەوەکە وەك پاداشتێك بۆ ماندوبوونی ئەو".

بەپێی زانکۆکە بەشداری 30 توێژینەوەی کردووە کە 4 دانەیان لە ساڵی 2020 دا بووە. ئیڤیت باھار دەشڵێت: "مامۆستایەکی زیرەك و بەتوانا بوو لە ھەموومان کەم تەمەنتر بوو، خەسارەتێکی گەورە بوو لە زانست ئینجا لە زانکۆکەمان".

بەپێی لێدوانێکی برایان کۆڵھب لە ئیدارەی پۆلیسی کەرتی ڕووس، دەرگای بەلەکۆنەی دواوەی ئەپارتمانەکە بە کراوەی جێهێڵراوە. وتیشی: "کەسێک چووه‌تە ژوورەوە، لی کوشتووە و دواتر گەڕاوەتە نزیک چەند ناوچه‌ی پمایڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کوشتووە".

باسی لەوەکرد ئەو کەسەش خەڵکی چین-ە و تەمەنی 46 ساڵە ناوی (ھاو گۆ) و ھاوڕێی یەکترن.

پۆلیس دەڵێت: "لی ھەڵگری ڕەگەزنامەی چینیە. هاوسه‌ره‌كه‌ی و باوانی لە چین دەژین و ھیچ منداڵێکیشیان نییە". بۆیە پۆلیس دۆسیه‌كه‌ی رەوانەی پۆلیسی فیدرالی کرد.

لە بنەڕەتدا (لی) بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی لە زانست لە سەنگاپورە ھێناوە و ماستەریشی لە زانستی کۆمپیوتەر لە ھەمان وڵات ھێناوە. بەڵام بۆ خوێندنی دکتۆرا ھاتووه‌تە ئەمریکا و لە زانکۆی کارنیگی میللۆن بڕوانامەی دکتۆرای ھێناوە و ماوەیەکی کەمە پلەی زانستی بەرزکراوەتەوە و بۆتە مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی بیتسبێرگ.

پۆلیس جەخت لەوەدەکاتەوە تا ئێستا نازانرێت چ شتێک لە پشت کوشتنی ئەم مامۆستایەوە ھەیە بۆیە دەڵێن:"ھیچ گومانێک لەبەردەست نییە کە چ پاڵنەرێک وایکردبێت ئەو مامۆستایە بکوژرێت و دواتر ئەو کەسەی کوشتویەتی خۆی بکوژێت".

پۆلیسی کەرتی ڕووس جەختی لەوەشکردووە کە کوشتنەکەی ھیچ پەیوەندی بە کاری زانکۆوە نییە، چونکە ئەوەی کوشتوویەتی ھیچ پەیوەندی بەزانکۆوە نییە و توێژینەوەکەشی ھیچ نھێنییەکی سەرسوڕھێنەری تیا نییە و چەند مامۆستایەکی دیكه‌ش بەشداریان تێدا کردووە. 



AM:10:47:07/05/2020