پارێزگاری هەولێر: ئیتر عەنتەریات و یاسا شکێنی و پیسخۆری لە کەس قبوڵ ناکرێت

لەبارەی کەسێکەوە کە تەجاوازی لەسەر ماڵوموڵکی گشتی لە هەولێر کردووە، نووسینگەی د. فەرسەت سۆفی رووبەڕووی دادگای کردۆتەوەو دەڵێت " دەبێ ملکەچی یاسا بێت و ئیتر عەنتەریات و یاسا شکێنی و پیسخۆری لە کەس قبوڵ ناکرێت".
 
لە روونکردنەوەکەیەکدا پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی نووسیوویەتی" دوای گەیشتنی سکاڵای چەند هاوڵاتیەکی شاری هەولێر کە کەسێک بە ناوی هێرش تەیار دەستی بەسەر زەویەکانیان داگرتووە و ناهێڵیت بەکاری بهێنن کە بۆ دروستکردنی چەند کارگەیەک بۆیان تەرخان کراوە، پارێزگار، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێری راسپارد بۆ بە دواداچوونی بابەتەکە".


پارێزگاری هەولێر، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەرکەوتووە کە ( هێرش تەیار) لەم شوێنە رووبەری ٦٦٠٠٠ مەتر دوجای لە ساڵی ٢٠٠٣ وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠١٣ گرێبەستەکەی کۆتایی هاتووە، کەچی هەر بەوە نەوەستاوە و زێدەرۆیی کردۆتە سەر رووبەری ١١١٩٠٠مەتر دووجا، تەنانەت تجاوزی کردۆتە سەر شەقامی گشتی بە درێژی ٣٣٠ م و بە پانی ٤٠ مەتر، هەروەها شەقامێکی دیکە بە درێژی ٢٠٠ مەترو پانی ٢٥مەتر" .


هەروەها فرسەت سۆفی دەشڵێت " داوتر ناوبراو لە لایەن پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگ کراوە بۆ هەڵگرتنی ئەم زێدەرۆییانە، بەڵام ئەو کەسە بەردەوامبووە لە پێداگیریکردن لەسەر داگیر کردنی موڵک و ماڵی گشتی".


 هەر لە روونکردنەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو" هێرش تەیار لە لایەن پارێزگاری هەولێرەوە ئاگادار کراوەتەوە کە دەدرێتە دادگا و دەبێ ملکەچی یاسا بێت و ئیتر عەنتەریات و یاسا شکێنی و پیسخۆری لە کەس قبوڵ ناکرێت، بەڵام ناوبراو هەڵساوە بە بڵاوکردنەوەی نووسینێک بە زمانی تەشهیر و بوختان هۆنینەوە و چەند پەیج و سایتێکیش بۆیان بڵاوکردۆتەوە".


نوسینگەی پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، دەبێ گەندەڵکاران بزانن، هەڵبەستنی بوختان و درۆ بە کەڵکیان نایەت و رێکاری یاسایی توند بەرامبەریان دەگرینە بەر.


ئەم ڕوونکردنەوەی پارێزگاری هەولێر دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ هێرش خۆشناو سەرمایەدار و خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، لە پەیامێکیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی کردبوو، گوایە فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، جنێوی پێداوە و سوکایەتی پێکردووە.




PM:09:04:14/05/2020