سلێمانی.. زۆرترین دەستدرێژی سێكسی
هەولێر.. زۆرترین كوشتنی ژنان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان دوا ئاماری سێ مانگی ئەمساڵ لەبارەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بەژنان کراوە، ئاشکرا كرد و تێدا ئەوە خراوەتەروو کە لە رووی تووندوتیژییەوە، هەولێر لە پێشەوەی شارەکانی دیکەی هەرێمه‌ کە زۆرترین حاڵەتی کوشتنی ژنی تێدا تۆمار کراوه‌.

لە سلێمانیش زۆرترین دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژن تۆمار کراوە و هاوکات بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ئەمساڵ رێژەی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ژنانەوە زیادی کردووە.

سەبارەت بە چالاکییەکان و ناوەرۆکی ئامارەکەی بەرێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایتیەکە ره‌وه‌ند سابیر به‌ ئاژانسی ئانادۆڵ راگه‌یاند: "ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو رێژەی سکاڵا لەلایەن ژنانەوە زیاتر بووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خێزانەکان لەجیاتی توندوتیژی، زیاتر پەنایان بۆ دادگا بردووە، هەروەها ئاماری ٣ مانگی رابردووش بەم شێوەیەن:

لەهەولێر بەگشتی 624 حاڵەت تۆمارکراوە، لە نێویاندا 8 ژن کوژراوە و 2 ژن خۆی کوشتوە، 18 ژنی دیکە خۆی سوتاندووە و هاوکات 580 سکاڵاش تۆمار کراوە.

لەسلێمانی لە کۆی 314 حاڵەت 17 ژن دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر، یەک ژن خۆی کوشتوە، 5 ژن خۆی سوتاندووە،241 سکاڵاش تۆمار کراوە.

لە شاری دهۆکیش لەکۆی 339 حاڵەت 2 ژن کوژراوە، 2 ژنی دیکە خۆی کوشتوە و 15 ژنیش خۆی سوتاندووە و 359 سکاڵا تۆمار کراوە."

هەر بەپێی ئاماری بەریوەبەریەتی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی 2013 دا هەولێر لە كوشتنی ژنان بە پلەی یەكەم هاتبوو و سلێمانیش لە دەستدرێژیی بۆ سەر ژن بەپەلەی یەکەم هاتبوو.



PM:01:38:16/05/2014