پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی ڕێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە جەژندا بڕیاری دەرکرد کە "لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوەو قەرەباڵغی قەدەغەن".
بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بابەت/ گشتاندن ئەمڕۆ (٢٧/ ٧/ ٢٠٢٠)،
پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامی شاری سلێمانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆو ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ڕۆژی (٢١/ ٧/ ٢٠٢٠)و بەکۆی دەنگی ئامادەبووان، بڕیاردرا:
1- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بە هەموو بڕگەو خاڵەکانیەوە.
2- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هاووڵاتیان لەسەر خۆپارێزیی و خۆچارەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزیی، کە ئەمانە دەبنە زامنی ئەوەی دۆخی تەندروستی پارێزگاکەمان لەدوای (١٥/ ٨/ ٢٠٢٠)وە بەرەو قۆناغێکی زۆرباشتر بڕوات.
٣- لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوەو قەرەباڵغی قەدەغەن. - چوونە سەرقەبران و پرسەدانان و نۆجەژن قەدەغەیە. - هەموو ئاهەنگ و بۆنەو یادێکی خۆشیی و ناخۆشیی کە تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن دروست بکات قەدەغەیە. - قوربانیکردن دەبێت لە قەسابخانەکاندا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستە قەسابخانەکان لە ڕۆژانی جەژندا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانیدا بە مەرجە تەندروستیەکان کراوە دەبن. - قوربانیکردن لە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
3- بەڕێزان زانایانی ئاینی ئیسلام و بانگبێژی مزگەوتەکان لەکاتی بانگی نوێژەکاندا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوای پابەندیی و خۆپارێزیی تەندروستیی لە هاووڵاتیان دەکەن.
. ٥- هاتنی گەشتیار بۆ سنوری کارگێڕی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغەیە.
٦- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن.
٧- لیژنەی تایبەت بە بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونی فەرمانگا دەوڵەتییەکان بە بڕیارو ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکانەوەو سەرپێچیکارو کەمتەرخەم ڕووبەڕووی ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی دەکرێتەوە.
-٨ دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ دەرکردنی هەر ڕێکارو ڕێنماییەکی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو بەڕێوەبردنی شیاوانەی جەژنی قوربانی پیرۆز
. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ٢٧/ ٧/