عەلی حەمە ساڵح: ئەگەر ئەو دۆسێیانەی قاچاخچێتی لەخاڵە سنورییەكان دەرئەنجامی نەبوو، منیش بڕیاری خۆم دەدەم

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامی دۆسیەی خاڵە سنوریەكانی بڵاوكردەوە و راشیگەیاند" ئەگەر وەک ئێستا مایەوە و ئەم بەڵێن و بڕیارانە ھیچی جێبەجێنەبوو، بڕیاری خۆم دەدەم". 

 

عه‌لی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسینێكی لەبارەی ئەنجامی دۆسیەی خاڵە سنوریەکان بڵاوكردەوە و رایگەیاند" دوای كاركردنمان لەسەر سەرجەم خاڵە سنوریەكان، دیاری كردنی وردەكاری گەندەڵی و قاچاخچێتی و كۆمپانیاكاری، دۆسیەكە كاردانەوەی لێكەوتوەتەوەو چەند بڕیارێكیش دەركراوە". 

ده‌شڵێت" ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵیۆزخانەی عێراق و كونسوڵگەری ھەولێر ڕاپۆرتیان لەسەر دۆسیەكە ئامادەكردوەو دامەزراوەكانی خۆیانیان واشنتۆن لەم دۆسیەكە ئاگادار كردوتەوەو گفتوگۆیان لەگەڵ كردووین و بڕیارە كارو ھەنگاوی جدی بنێن لەم دۆسیەداو قسە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم بكەن". 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی" سەرۆكایەتی حكومەت بۆ ئەم دۆسیە ھاتوەتە خەت، بە ڕاسپاردەی سەرۆكایەتی حكومەت لەگەڵ دوو وەزیری و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران  كۆبوینەوەو وردەكاری ھەموو سەرپێچی و قاچاخی و كۆمپانیا كاریەكانمان لە ئیبراھیم خەلیل و خابورەوە تاوەكو پەروێزخان و باشماخ باسكردوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا" بڕیارە لە ماوەی مانگێكدا دۆسیەی كۆمپانیاكان چارەسەربكرێت، وەزیری پێشمەرگەو ناوخۆش ڕاسپێردراون بۆ ڕێگریكردن لەم قاچاخیە، وەزارەتی دارایی و كشتوكاڵ، چەند بڕیارێكیان دەركردوە بۆ ڕێگریكردن لە قاچاخی". 

 عەلی حەمەساڵح دەڵێت:" ھاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی، پێیڕاگەیاندوین: بۆ ئەو خاڵە سنوریانەی پارێزگای سلێمانی ئەوان ھاوكاردەبن بۆ ڕاگرتنی قاچاخچێتی  و قسەش لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتدا كراوە بۆ ڕاگرتنی".
 
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌: تاوەكو ئێستا دۆسیەی قاچاخی و گەندەڵی خاڵە سنوریەكان وەك خۆی بەردەوامە، ئەم دۆسیە جگە لەوەی یاسا شكێنیە، زیانی گەورەی لە داھاتداوەو تەندروستی ھاوڵاتیانیشی خستوەتە مەترسی. 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت" ئەم دۆسیەش پێویستی بە پشتیوانی ھەموانەو ئومێددەكەم ئەوەی دژی ئەم تاڵانیەیە ھاوكار بێت، ئەگەر ئەنجامی ھەبوو دەستكەوتێكی باشە بۆ میللەتەكەمان، ئەگەر وەك ئێستا مایەوەو ئەم بەڵێن و بڕیارانە ھیچی جێبەجێنەبوو،  منیش بڕیاری خۆم دەدەم". 



PM:02:11:13/08/2020