بەرپرسێکی دەروازەی باشماخ بڕی ئەو پارەیە ئاشکرا دەکات کە مانگانە لەو دەروازەیە قاچاخچێتی پێوە دەکرێت

بەرێوەبەرى گومرگى باشماخ ڕایدەگەیەنێت" مانگانە لەهەر دەروازەیەک ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار قاچاخچیەتى دەکرێت". 

شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنوری باشماخ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بڕی ئەو پارەیەی ئاشکراکرد کە مانگانە لەو دەروازەیە قاچاخچێتی پێوە دەکرێت و وتی" کێشەی ئێمە مەسەلەى قاچاخچیەتیە کە لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام ئێمە کێشەیەکى ترمان هەیە، کە پێى دەوترێت قاچاخچیەتى رێکخراو، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتەى لە پشتەوەیە، نەک ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتى مەرزى باشماخ بەڵکو سەرووى ئێمە وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بە دەستیانەوە خواردوەو ناتوانن کۆنترۆڵى بکەن، ئەمانە کەسانى باڵادەستى ئەم وڵاتەن ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا بکرێ". 

 

شاخەوان بەکر وتیشی" بە مەزەندەى ئێمە مانگانە لە هەر دەروازەیەک ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار بە قاچاخچیەتى بە هەدەر دەڕوات". 

ڕاشیگەیاند" ئێمە لەڕێى پەرلەمان و وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیرانەوە راپۆرتمان بەرزکردوەتەوە، تەنانەت لە گفتوگۆ حزبیەکاندا زۆر بە روونى باسى ئەم بابەتانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تائێستا نەکراوە و هیچ دەستپیشخەرییەکیش نابینین، لە هەر دەروازەیەکدا ١٠ بۆ ١٥ کۆمپانیا هەن و زۆربەیان حزبین و لە ژێر ناوى جۆراوجۆردا پارە لە خەڵک وەردەگرن و ئەمانە قانونیان بۆ دەرکراوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەچێت بۆ ئەم کۆمپانیایانە". 



PM:09:30:14/08/2020