سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمە ساڵح لە نوێترین پۆستیدا ڤیدیۆی ئەو بارهەڵگرانە بڵاودەکاتەوە کە بە قاچاخ دێنە کوردستان و هێزە ئەمنییەکانیش هاریکاریان دەکەن.
لە پۆستێک لەگەڵ ڤیدیۆکەدا بڵاویکردۆتەوە، عەلی حەمە ساڵح نووسیوویەتی" ئەم قاچاخیە بۆ مەترسیدارترین دۆسیەیە:
١-ڕۆژانە سەدان بارھەڵگر بەبێ پشکنین داخڵدەبن. وەک لە ڤیدۆکەدا دیارە بەھیچ شێوەیەک ئەو بارھەڵگرانە دەرگایان ناکرێتەوە تاوەکو بزاندرێت چی تێدایە!!
٢- ھێزە ئەمنیەکان خۆیان دەرگاو ڕێگا بۆ بارەکان دەکەنەوە تێپەڕببن، لەسەرجەم بازگەکانی ئاسایش بەبێ وەرقەی گومرگ، تێپەڕ دەبن. واتە: ئەو ھێزانەی لەسەر بودجەی گشتی موچە وەردەگرن، بەشێکن لەو قاچاخچێتییەی بەسەر خەڵکەوە دەکرێت.
٣- بەرپرسانی باڵا، لەبری خەمو ژیانی خەڵک خۆیان لە پشت قاچاخچێتیەوەن، ئەگەرنا ھیچ کەس ناتوانێت لەیەک شەودا تەنیا لەیەک بازگەوە ٢٢٠ بارھەڵگر دەربکات و قازانجی قاچاخچیەکان لەیەک شەو و لەیەک خەت، یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار بێت!!!
٤- چەندین ماددەی قەدەغەکراو و ئێکسپایەر داخڵدەکرێت.
٥- دەیان ھەزار گەنج گیرۆدەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر.
بوون، مانگانە دەیان کیلۆ دەگیرێت و زۆریش ناگیرێتو باکاردێت، قایمقامی پشدەر دەڵێ: "هەرێمی کوردستان کەوتوەتە بازنەی بازرگانیکردن و یٔالودەبون بە مادەی هۆشبەرەوە و لە هەمو شوێنە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان قاچاخچێتی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرێت".
٦- زیانی گەورە بەر داھاتی گشتی کەوتوە، کە بەھۆی قاچاخی و فێڵ و کۆمپانیاکاری زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دۆلارە.".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کورد دەڵێت" بەدواداچونمان بۆ سەرجەم خاڵە سنوریەکان کرد، لە ئیبراھیم خەلیل تاوەکو پەروێزخان، ھەرچی قاچاخی و کۆمپانیاکاری و فێڵ تاڵانیە دیاریمانکرد، ھەرچی ڕێگای پەرلەمانی و دادگاو میدیایە گرتمانە بەر بۆ ئەمە، ھەرچەندە کارکردن لەم دۆسیە بەبێ گرفت و سەرئێشە نیە، من کۆڵ لەم دۆسیە نادەم. بەڵام بۆ ئەنجام فشار گرنگە لەبەرپرسانی باڵا، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بەرپرسن لەم دۆخە".
ئەو پەرلەمانتارە وەک تێبینی نووسیوویەتی " ڤیدۆکە ئەمشەوە لەمەرزی باشماخ، پێشتر چوار ڕۆژ ڕاگیراو من ڕامگەیاند : ڕاگیراوە، ئێستا خراپتر لە جاران دەستپێکردوەتەوەو بارھەڵگر لە ئێرانەوە بەبێ کردنەوەی دەرگاو ھیچ پرۆسەیەکی گومرگ بەم شێوە داخڵدەبێت."
لە کۆتایشدا دەلێت "گرفتەکە تەنیا باشماخ نیە، لە ئیبراھیم خەلیل و وەلیدەوە تاوەکو پەروێزخان کاری نایاسایی و ناڕەوا دەکرێت، ھەریەکەو بەشێوەی خۆی، وەردەکاری سەرجەم خاڵە سنوریەکانمان دیاری کردوە".