قایمقامی‌ كۆیە داگیركردنی زەوی قەزاكە لەلایەن بەرپرسانەوە ئاشكرا دەكات‌و لەبەرامبەریشدا هەڕەشەی لێدەكرێت

‌چاپوك عومەر
قایمقامی‌ دەستلەكاركێشاوەی‌ قەزای‌ كۆیە رایدەگەیەنێت، لێپرسراوێكی‌ سەربازی‌ لەسەر زیادەڕۆیی‌و داگیركردنی‌ موڵك‌و ماڵی‌ گشتی‌ هەڕەشەی‌ لێكردووەو پێی وتووە "تۆ كێشەكەت گەورە كردووە".
ماوەیەكە لە قەزای‌ كۆیە دیاردەی‌ زیادەڕۆیكردن‌و دەستگرتن بەسەر موڵكی‌ گشتی‌ تەشەنەی‌ كردوە، هاوكات وەك ناڕەزایەتییەك لەدژی‌ ئەو زیادەڕۆییانە، لەچەند رۆژی‌ رابردودا قایمقامی‌ كۆیە (چاپوك عومەر) وەك ئەندامێكی یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ دەستلەكاركێشانەوەی‌ خۆی‌ پێشكەشی‌ ‌ ئەو حزبە كرد، دوای‌ دەستلەكاركێشانەوەكەشی‌ فەرمانبەرانی‌ قایمقامیەت مانگرتنیان دەستپێكرد.
لەلێدوانێكیشدا بۆ ماڵپەڕی سبەی، قایمقامی‌ دەستلەكاركێشاوەی‌ قەزای‌ كۆیە چاپوك عومەر رایگەیاندووە، زیادەڕۆیی‌‌و داگیركردنی‌ موڵكی‌ گشتی‌ لەلایەن هاوڵاتیان‌و بەرپرسانەوە لەحاڵەتەوە بوەتە دیاردەیەكی‌ ترسناك‌و هەڕەشە لە نەخشەی‌ شارەوانی‌ دەكات.
ئاماژە بەوەش دەكات، داگیركردنی‌ موڵكی‌ گشتی‌ سنوری‌ گوندەكانیشی‌ گرتوەتەوە‌و سەدان دۆنم زەوی‌ تەلبەند كراون‌و كراون بەباخ‌و باخچەی‌ تایبەت.
 قایمقامە دەست لەكاركێشاوەكەی كۆیە ئاشكرای دەكات، یەكێك لەو بەرپرسە سەربازییانەی‌ زیادەڕۆیی‌ كردوە، لەرێگای‌ تەلەفۆنەوە هەڕەشەی‌ كردوە.



AM:10:34:29/05/2014