رێکخراوێکی هێڤی تەندروستی: نەخۆشخانەی مناڵانی هەولێر موڵکی ئێمەیەو کەرتی تایبەتە

رێکخراوی هێڤی تەندروستی لە روونکردنەوەیەکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نەخۆشخانەی " سانتی لایڤ" کە بە نەخۆشخانەی مناڵانی هەولێریش ناسراوە موڵکی ئەوانەو سەر بە کەرتی تایبەتەو، هیچ پەیوەندیەکی بە موڵکی گشتی ( حکومەتەوە نییە )، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەیەک پەرلەمانتارو پزیشکی ئەو شارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو نەخۆشخانەیە کەرتی حکومییە.

 

لەو روونکردنەوەیەدا کە دانەیەکی دەستی ( سپی ) کەوتووە، رێکخراوی هێڤی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو نەخۆشخانەیە لەلایەن دەستەی وەبەرهەمهێنانەوە بەنوسراوی  ژمارەی ٣٤٧٠  لەرێکەوتی ٢٠١٣/١٢/٨ مۆڵەتی ژمارە ١٠٣ی پێدراوە، هەروەها بەپێی بڕگەی شەشی مادەی ٧ ی یاسای وەبەرهەمهێنان هەموو پرۆژانەی بەپێی ئەم یاسایە تۆمار کراون، دەچنە خانەی کەرتی تایبەتەوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەیەک پزیشکی شاری هەولێر و چەند ئەندام پەرلەمانێک، لەنێوایاندا عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و بە میدکانی راگەیاندووە " دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەشت کە نەخۆشاخەیەکی مۆدێرن لە لایەن کۆمپانییەکی نەوتیەوە دروستکراوە بۆ ژنان و منداڵانی کوردستان، دۆسیەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی حکومەت کراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بڕیاری لێبدات بە وەرگرتنەوەی نەخۆشخانەکە.لە ھەمانکاتدا داواکاری گشتیش ئاگاداریان کردینەوە کە ڕێکاری یاساییان لەسەر دۆسیەکە دەستپیکردوە".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەو نامەیە بڵاودەکاتەوە کە بۆ داواکاری گشتیان ناردووە کە تیایدا هاتووە "بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای ئۆرێكس پێترۆلیۆمە کە هی ساڵی ۲٠۱٤ە، زیاتر لە (٤٠) ملیۆن دۆلاریان داوەتە نەخۆشخانەی مناڵانی كوردستان، بەڵام ، لە ڕاپۆرتی کۆمپانیاکەدا ھاتوە: نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان گەورەترین پرۆژەی کۆمپانیاکەمانە کە دەکەوێتە دەوروبەری هەولێر و پێکدێت لە بینایەکی سەرەکی و دوو بینای لاوەکی، نەخۆشخانەکە دەتوانێت چارەسەری پزیشکی و نەشتەرگەری بگەیەنێت بە ژمارەیەکی زۆری دایکان و منداڵان بەو پێیەی 120 قەرەوێڵە و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و خەزێنەیەکی گەورەی تێدایە".

 

هەروەها دەشڵیت "لە 2013 کۆمپانیاکەمان بڕی 40 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە تەرخان کرد و کۆمپانیا چاودێری کارەکانی نەخۆشخانەکە دەکات لە ساتی دەستپێکردن بە دروستکردنی تا ئەو کاتەی یەکەم نەخۆش وەردەگرێت کە بڕیارە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2015دا بێت."

 

عەلی حەمەساڵح دەڵێت " ئێستا ئەم نەخۆشخانە بەناوی Sante Life hospital لە کارکردندایە، تیمیێکی لە پزیشک و کارمەندی تورکی سەرپەرشتی دەکات و دراوەتە کەرتی تایبەت، تەنانەت بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتیەکانیش گرانترین نرخی ھەیە.ئەم کارە زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندی گشتی و خراپبەکارھێنانی دەسەڵاتە، داواکارین سکاڵای یاسایی بجوڵێنن لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەم نەخۆشخانە بۆ خزمەتکردنی ئافرەتان و منداڵانی ھەولێر".

 

وەک ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ دەکات تێکڕای دۆسیەو بەڵگەی ئەو نەخۆشخانەیەیان ئاراسەتی داواکاری گشتی کردووە.

 

دەقی روونکردنەوەکەی رێکخراوی هێڤی..

 

 



PM:06:03:03/09/2020