ئەبوبەکر هەڵەدنی: پێویستە پۆستەكانی سلێمانی و هەڵەبجەش رەتبكەینەوە

ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی کشانەوەی  یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگای دهۆک پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند" بۆ ڕەتکردنەوەی دووئیدارەیی پێویستە لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی وهەڵەبجەش بکشێینەوە". 

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێکی نوێی بە ناونیشانی (یەکگرتوو هێزێک هەمیشە لەبەرەی گەل دا) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" بڵاوکردەوەو دەڵێت" یەکگرتوو لە نێوان (خواست ومافەکانی خەڵک)و(پلەو پۆست)دا،یەکەمیانی هەڵبژارد". 

 

هەڵەدنی لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە: هەر چەند لەو پۆستانەدا بەمانای ووشە خزمەت کرا و بەرپرسەکانی یەکگرتوو نمونەی دڵسۆزی وپاکی ولێبران وخزمەتکردن بوون ، بەڵام پۆستێک بۆ بێدەنگ کردنمان بێت ،دەستبەرداری دەبین.

 

وتیشی" ئەم هەڵوێستە پەیوەندی بەواژۆی فراکسیۆنی یەکگرتوەوە هەیە بۆپرساندنی سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی و وەزیری دارایی لەسەر لێبڕینی مووچە".

 

ئەندامەکەی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕاشیگەیاندووە" بۆ ئەوەی یەکگرتوو بیسەلمێنێت پۆست دەکاتە قوربانی هەڵوێستەکانی و وەک پاڵپشتیەک بۆ برایان وخوشکانمان لەدهۆک پێویستە پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجەیش ڕەتبکەینەوە ،هەرچەندە ئەو پۆستانە استحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی 30/4/2014یە، بۆ ڕەتکردنەوەی دووئیدارەیی پێویستە لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی وهەڵەبجەش بکشێینەوە". 



AM:12:32:22/09/2020