یەكێتی زانایان: داوا دەكات پێگەی مامۆستایانی ئاینی نەشێوێنن

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت لە پەنای ڕودانی كوشتنی ( دنیا)، هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن هەڵمەتێكی بێ وێژدانانەی نا ڕەوایان بۆ سەر زانایانی ئاینی دەستپێكردووە و رێگا نادەین رووداوەكان بقۆزرێنەوە بۆ لێدانی مامۆستایانی ئایینیو بێ حورمەتیكردن بە پێگەكەیان.

لە بەیاننامەكەی مەكتەبی تەنفیزی یەكێی زانایاندا هاتووە" ئەم كارە نامەسئولانەو دوور لە هەموو بەهاكان كارێكە بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییەو، رێگا نادەین رووداوەكان بقۆزرێنەوە بۆ لێدانی مامۆستایانی ئایینیو بێ حورمەتیكردن بە پێگەكەیانو، مامۆستایانی ئایینی كە هەمیشە سەرمەشقی چارەسەری گرفتو كێشەكان بوونە، وەك بەشێك لە دروستكردنی كێشە پیشان بدرێن"

دەقی بەیاننامەكە:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی ئافرەتێك بەناوی (دونیا) لەلایەن مێردەكەیەوە، هەر زوو نیگەرانی خۆمان دەربڕیو، پشتیوانی خۆشمان دەربڕی بۆ هەموو هاوكاریو هەماهەنگیەك بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی كوشتن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی نیگەرانی ئێمەی زیاتر كرد، دەستپێكردنی ئەو هەڵمەتە بێ ویژدانەی هەندێك لە راگەیاندنەكانو رێكخراوەكان بوو بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیو، زانایانی ئایینیان وەك تاوانبار پیشان دەدا، ئەمەش بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی دروستیان هەبێت.

ئەم كارە نامەسئولانەو دوور لە هەموو بەهاكان كارێكە بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییەو، رێگا نادەین رووداوەكان بقۆزرێنەوە بۆ لێدانی مامۆستایانی ئایینیو بێ حورمەتیكردن بە پێگەكەیانو، مامۆستایانی ئایینی كە هەمیشە سەرمەشقی چارەسەری گرفتو كێشەكان بوونە، وەك بەشێك لە دروستكردنی كێشە پیشان بدرێن.

لێرەوە داوا لە سەرجەم راگەیاندنو رێكخراوەكانو هەموو ئەوانە دەكەین، كە لەم باسانە دەدوێن، تكایە لە ئاست مەسئولیەت دابنو، پەنا بۆ تەشهیرو شێواندنی پێگەی مامۆستایانی ئایینی نەبەن. بە پێچەوانەوەی رێكاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوانە دەگرینە بەر كە هێڕشی ناڕەوا دەكەنە سەر مامۆستایانی ئایینیو تەشهیر بە پێگەكەیان دەكەن.

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

1/6/2014



PM:04:44:01/06/2014