پەرلەمانتارێک بە ڤیدیۆ قاچاخچێتی بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ئاشكرادەكات

عەلی حەمە ساڵح لە پەیامێكدا بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ڕایگەیاندووە" لێکۆڵینەوەی وردمان خستە بەردەستتانن بۆ ھەرچی خاڵی سنوریە کە قەبارەی قاچاخی و گەندەڵی و قۆرخکاری و فێڵ ١٧٠ ملیۆن دۆلارە". 

 

عەلى حەمە ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان لە نوسینێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بۆ حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە" وەک ئەرکی خۆم یەک ساڵە ھەموو ڕێگایەکی پەرلەمانی و داواکاری گشتی و میدیام ، دژی قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری لە خاڵە سنوریەکان گرتوتە بەر، لێکۆڵینەوەی وردمان خستە بەردەستتانن بۆ ھەرچی خاڵی سنوریە کە قەبارەی قاچاخی و گەندەڵی و قۆرخکاری و فێڵ ١٧٠ ملیۆن دۆلارە، لە مانگی ٢ ی ئەم ساڵەوە سێ جار بڕیاردراو لیژنە پێکھات بۆ خاڵە سنوریەکان، بەڵام ئەنجامی نەبوەو تاڵانی،  زیادی کرد".

 

ئەو پەرلەمانتارە ڤیدیۆیەكی لەگەڵ پەیامەكەی بڵاوكردوەتەوە بە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی راگەیاندووە" ئەم بارھەڵگرانەی دەیبینن لە ڤیدیۆکەدا، باری قاچاخ (تەنسیقە) لە باشماخ ، بەبێ گومرگ و پشکنین ھێزە ئەمنیەکان ڕۆژانە داخڵی دەکەن. لە دیوی ئێرانەوە، گروپ گروپ بانگیان دەکەن دێنە ئەمبەرەوە". 

 

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا دەشپرسێت، لە کوێی دونیا ھەبوە ڕۆژانە سەدان بارھەڵگر بەم شێوە داخڵ بکرێت، بەبێ گومرگ و کەس نەزانێت چ کاڵایەکی تێدایە، بەرپرسان ھەرچی شتی قەدەغەو خراپ دەیکەن بە قوڕگی ھاوڵاتیانی خۆیاندا، بە شەقامەکەدا دێن تاوەکو بەردەم ئاسیشەکان، لایەکی شەقامەکە( سایدێک) دەگرن تاوکو دەگەنە بەردەم ئاسایشەکان، تەنسیقەکەیان بۆ کرا، راستوخۆ بەبێ گومرگ و پشکنین و دەرگا کردنەوە تێدەپەڕن.

 

هێمای بۆ ئەوەشکردووە، بارھەڵگرە تورکیەکان خۆیان دێنە کوردستان و ئێرانیەکان بارکان دادەگرن لە گۆڕەپانی باشماخ و ئۆتۆبیلی کوردستان داخڵی دەکات بەڵێ، بە دڵنیایی ئەمە حاڵی خاڵە سنوریەکان بێت پارەش بۆ موچە نابێت، بەرپرس شەوی ملیۆنێک دۆلار زیاتری دەستبکەوێ، چۆن خەمی فەرمانبەرێکیەتی ٤٧ ڕۆژ موچەی وەرنەگرتوە.

 

لە كۆتاییدا نوسیویەتی" قاچاخی و فێڵو کۆمپانیاکاری لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ھەن، ھەریەکەو بەڕێگاو فێڵی خۆی، بەڵام ئەمەی باشماخ زۆر بێمنەتانەیە، بۆ ھەمو سنورەکان بەردەوام دەبین، ئەوەشی لەخەمی خەڵکدایە دەبێت دژیان بێت". 

 

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لێرە بکە:



PM:05:45:02/10/2020