لاهور شێخ جەنگی بەردی بناغەی یاریگایەكی نمونەیی نێودەوڵەتی لەسلێمانی دانا


ئەمرۆ پێنج شەممە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كورستان بەردی بناغەی یاریگایەكی نمونەیی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دانا.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەشاری سلێمانی بەردی بناغەی یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆزی دانا و لەوتەیەكیشدا پشتیوانی تەواوی بۆ وەرزشكارانی كوردستان دووپاتكردەوە و رایگەیاند پرۆژەكە بەبێ بەشداری حكومەت و لەسەر شێواز و ستانداردی جیهانی بۆ خزمەتی وەرزشكاران تەواو دەكرێت و دیارییەكی جوان دەبێت پێشكەش بەسلێمانی دەكەن.

راشیگەیاند، دوای 64 ساڵ لەدامەزراندنی یەكەم یانەی وەرزشی، تائێستا سلێمانی خاوەنی یاریگایەكی نێودەوڵەتی نیە، هاوكات رەخنەی لەحكومەتی عیراق و هەرێم گرت كەتائێستا خزمەتی وەرزشكارانی سلێمانیان نەكردووە و فەرامۆشیان كردوون.

لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەشكرد، لە ساڵانی رابردوو، لەشارەكانی تر یاریگای نێودەوڵەتی دروست كراون، بەڵام وەك هەمیشە و وەك هەموو بوارەكانی تر سلێمانی، پشتگوێ خراوە و غەدری لێ كراوە.

جەختیشكردەوە، ئەمڕۆ لێرەین بۆ لابردنی بەشێك لەو غەدرە و، بێ بەشداریی حكومەت، خۆمان یاریگایەكی نێودەوڵەتی پێشكەش بە خەڵكی سلێمانی دەكەین.

دەقی وتارەكەی لاهور شێخ جەنگی ..
بەڕێزان
ئەمڕۆ، كە بەردی بناغەی یاریگایەكی نمونەیی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دادەنێم، یادی شەهیدانی وەرزشكاری یەكێتی، بەرز رادەگرم، كە سێمبولی قارەمانیی و ئازادی و رزگاریی كوردستانن. هەڵوێستی جوامێرانە، لە خۆبوردویی، یەك تیمی، پشوودرێژی و بەرگری كردن، لە كوردستان، رەفتاری بەرزی وەرزشكارانەیە و، شان بە شانی ئێوە، ئەم رەفتار و رێبازە دەنرخێنم و رێزی لێ دەگرم.
لە ئاستی عێراق، گەنجانی كوردستان پێشەنگن و، سلێمانی لە هەموو بوارەكان نازناوی پاڵەوانی و قارەمانێتی بۆ خۆی بردووە. لەم شارەدا سەدان وەرزشكاری ناسراو پێگەیشتوون و ناویان لە گۆڕەپانە وەرزشییەكاندا دەروشاوەتەوە. لە مێژوودا سلێمانی، خاوەنی كۆنترین یانەی وەرزشییە و زۆر پێش یانەی زەورا، هەولێر، دهۆك، كەركوك و زاخۆ، یانەی وەرزشیی هەبووە، بەڵام بە داخەوە، بە غەدری حكومەتی بەعس، و بە كەم تەرخەمیی ئیدارەی یەكگرتووی هەرێم، دوای 64 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی یەكەم یانەی وەرزشیدا لە سلێمانی، هێشتا یاریگایەكی نێودەوڵەتی لەم شارە وەرزشدۆستەدا، دروست نەكراوە.
خۆتان دەزانن بوونی یاریگای نێودەوڵەتی لەهەر شارێك، نیشانەی بەهێزیی ژێرخانی ئەو شارە و، زیندووڕاگرتنی خولیای وەرزشكارانێتی. بوونی یاریگای نێودەوڵەتی، سیمای شارە پێشكەوتووەكان و سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ بوژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزار و بازاڕ و كاسبكاران و هەلی كار، دەرفەتێكیشە بۆ ئاڵگۆڕكردنی كولتوری و ناساندنی جوانییەكانی سلێمانی و بەها و رەوشتە بەرزەكەی خەڵكی كوردستان بە نەتەوە و گەلانی تر.
بەڕێزان
لە ماوەی رابردوو كە بەندەش هاوكارێكی یانەی نەورۆز بووم، هەوڵمداوە بتوانم، شان بە شانی زامن كردنی گەشەی یانەكە و وەرزشكارانی، بناغەیەكی پتەوی ئابوری بۆ كاروباری وەرزشیی دروست بكەم تا لە كەمتەرخەمیی حكومەتدا، وەرزش بتوانێ لەسەر پێی خۆی بووەستێت. جێی شانازییە و خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئاواتێكی گەورەی وەزرشكارانی سلێمانی و ئامانجێكی یانەی نەورۆزم بەدی هێنا و، توانیم لەسەر ئەركی یانەی نەورۆز و بە پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردی بناغەی یاریگایەكی نێودەوڵەتی بە ستانداردی نێودەوڵەتی و بە ستانداردی فیفا لە شاری سلێمانی دابنێم.
لە ساڵانی رابردوو، لە شارەكانی تر یاریگای نێودەوڵەتی دروست كراون، بەڵام وەك هەمیشە و وەك هەموو بوارەكانی تر سلێمانی، پشتگوێ خراوە و غەدری لێ كراوە. ئەمڕۆ لێرەین بۆ لابردنی بەشێك لەو غەدرە و، بێ بەشداریی حكومەت، خۆمان یاریگایەكی نێودەوڵەتی پێشكەش بە خەڵكی سلێمانی دەكەین.
یانەی نەورۆز ساڵانه ئەنجامی بەرزی بەدەست هێناوەو، به تەواو بوونی یاریگا نێودەوڵەتییەكەش، پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبن. ئەم یاریگایه دەتوانێت بناغەیەكی پتەوی ئابووری بێت بۆ نەورۆز و هەموو یانە وەرزشییەكانی تری كوردستان. وەك چۆن لە چوار ساڵی رابردوو، لە غیابیی پشتیوانیی حكومەت بۆ كایەی وەزرش، لەم سنورە یانەی نەورۆز بۆشاییەكی گەورەی پڕ كردەوە، هاوكاریی زۆربەی یانەكانی كرد، سپۆنسەری خولەكانی كرد و یارمەتی تیپە میللییەكانی دا، و نەیهێشت وەرزش لە سلێمانی بكەوێت، داواكارم نەورۆز لەسەر هەمان رێباز بەردەوام بێت و نەهێڵێت تیپە وەرزشییەكان، وەرزشكاران و وەرزشدۆستانی خۆشەویستی ناوچەكە، بێ پشتیوان و بێ كەس بن.
وەزرشكارانی خۆشەویست
خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی
لە كۆتایی دا، بە دانانی بەردی بناغەی یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانی، پیرۆزباییتان لێ دەكەم، بە هیوام ئەم یاریگایە ببێتە مایەی بوژاندنەوەی وەزرشی، ئابووری كولتوری و، دڵخۆشیی و سەلامەتییش بۆ خەڵكی كوردستان لەگەڵ خۆی بێنێت.

راگەیاندنی یانەی نەورۆز



PM:07:07:08/10/2020