شاعیری نیشتمانی و جوانی، شاعیری گەورەی باشووری کوردستان ع ع شەونم کۆچی دوایی کرد.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ١٠ ى تشرینى یەکەم، شاعیری گەورەی کورد، عەلی عەبدوڵا سۆفی محەمەد، ناسراوە بە مامۆستا ع.ع شەونم، بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.
شاعیر، لە ساڵى١٩٢٥ لە هەلەبجە لە دایک بووە و دەرچووی خانەى
مامۆستایانى بەغدایە، لە تەمەنی لاوێتیەوە دەستی بەنووسین کردووەو، یەکەم بەرهەمی نوسینی لە ساڵی ١٩٤٣ لە گۆڤاری گەلاوێژ
بلاوبۆتەوە.
ع ع شەونم، خاوەنی ٤ کتێبە لە بواری ئەدەبی کوردیدا، لە
بەتایبەت شیعر و مەتەڵی کوردەواریدا و خاوەنی چەندین خەلاتی ڕێزلێنانە و
بەشێکی زۆری نوسینەکانی کراوە بە سروود و گۆرانی.
لە ناسراوترین بەرهەمەکانی، خاوەنی هۆنراوەو سروودى " جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە - بە تیشکی ئاگر ئەنوسم جەژنە پیرۆژە"، ئاوازەکەشی هەر خۆى دایناوە.
ناوبراو تەنها هەر شاعیر نەبووە، خاوەنی چەندان بەهرەی هونەریش بووە، لەوانە دەنگ خۆش و ئاوازدانەر و شێوەکار و خۆشنووس و مێژونووس
و شارەزابووە لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسیدا.