کرێی خوێندن بۆ قوتابیانی زانکۆ کەمکرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، کرێی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێژەی (٤٥%) هاوشێوەی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کەمکردەوە.  

 
  
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کەمکرردنەوەی کرێی خوێندن خوێندکارانی (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.  


دەقی ڕاگەیەنراوەکە:  

  
 ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتی (١٢/١٠/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەی ژمارە (١٠)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هۆڵی کۆبونەوەکانی سێنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و تاکپارێزی. 

 
  
 لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئامانجی وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنی باری دارایی هاوڵاتیانی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان.  

 
  
هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد کە ساڵی ڕابردوو بە گیانی لە خۆبردووییەوە بەشداربون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.  

 
  
لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجومەنی وەزارەت دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە  بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ڕێژەی (٤٥%)ی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ساڵی ڕابردو، بڕیارەکەش خوێندنی (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.  

 
  
 لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکی دیکەی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و دانانی پلان و بەرنامەڕێژی بۆ پێشوازیکردن لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند بابەتێکی دیکەی زانستی و ئەکادیمی تاوتوێکران.  




PM:09:30:12/10/2020