لەپەرلەمانی عێراق چوار پەرلەمانتاری کورد، هەڵمەتێکیان بۆ ناساندنی ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە دەستپێکرد کە لە ناوچەی بادینانی دەستگیرکراون.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی هەرچوار پەرلەمانتار، ئەحمەدی حاجی رەشید و سەرکەوت شەمس و یوسرا رەجەب و غالب محەمەد، سەرکەوت شەمس نووسیوویەتی " ئەمرۆ وەک هەنگاوی یەکەم و بەشێک لە هەڵمەتی پشتیوانیکردنی دەستگیرکراوان و رفێنراوانی پارێزگای دهۆک، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی پەرلەمانتارانمان دەستپێکرد و وێنە و ناوی دەستگیرکراوانی بادینانمان لە ناوپەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاوکردەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " هاوسۆزییەکی زۆری پەرلەمانتاران هەبوو لەسەرجەم کوتلەکان جگە لە پارتی".
سەرکەوت شەمس دەشڵێت " کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشمان بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەیانێکمان بڵاوکردەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پەرلەمانان خستۆتە بەردەم بەرپرسیاری و فشارەکانیش دەستیپێکردووە لەسەر دەسەڵاتی بارزانی".
ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەوە تەنیا هەنگاوی دەسپێکە و بەردەوام دەبن تا ئازادبونی بەندکراوان و رفێنراوان.
لە مانگی ئابەوە دەسەڵاتدارانی پارێزگای دهۆک ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوان و رۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد، پاشماوەیەک ژمارەیەکیان لێ ئازاد کردو، تا ئێستا ژمارەیەکیان لە زیندان ماونەتەوەو ئازاد نەکراون.