لە پزیشکی دادوەریی شاری سلێمانی پیاوێک هەوڵى خۆکوشتن دەدات

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵ لەنێو بینای پزیشکی دادی شاری سلێمانی هەوڵی خۆکوشتنی دا.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پیاوێکی ٦٥ ساڵان چووەتە لای پزیشکی دادی-ی سلێمانی چەپکێک گوڵی بەدەستەوە بووە، داوای لە پاسەوانان کردوە رێگەی بدەن بچێتە توالێت، ئەوانیش رێگەیانداوە و چەپکە گوڵەکەیشی هەر لای ئەوان داناوە".

 

وتیشی" کاتێک دوای چەند خولەکێک دەنگی دەرگای توالێتەکە هاتووه‌، پاسەوانەکان چوونه‌ته‌لای و وایانزانیووه‌ لەهۆش خۆی چووە، بەڵام خوێنیان بینیوە، چەقۆیەکیش لە تەنیشتی کەوتوه‌ كه‌ ئەو کەسە لە ملی خۆی داوە".

 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەربارەی ڕوداوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسە خەڵکی شاری سلێمانییە و کەسوکارەکەی ناسراون، لەئیستاشدا نەخۆشخانەی شار لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە، بەڵام مەترس لەسەر  ژیانی دروستبووە.

 

دەشڵێت" زانیاریی سەرەتایی هەن کە ئەو کەسە نەخۆش بووە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هۆکاری ئەو کارە روون نییە، ناشزانین ئەو چەپکە گوڵەی لە کوێ بووە یان بۆ کێی بردووە". 



PM:07:48:23/10/2020