کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری کورد دیاریکرا

بڕیاروایە سبەینێ یەکەمین کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری کورد بەڕێوەبچێت و بڕیاری دانوستانیش لەلایەن سەرکردایەتی سیاسییەوە دەدرێت.

فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکدا رایگەیاند: سبەینێ ٥/٦ ئەندامانی وەفدی دانوستانکاری کورد یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان لەدیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن بۆ دانانی ستراتیجیەتی کارو چۆنیەتی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عیراق.

وتیشی: لیژنەکە لەنێوان خۆیاندا کۆمەڵێک تەوەر دەخەنە بەرباس و پاشان لەگەڵ سەرکردایەتی ھێزە کوردستانییەکان کۆدەبنەوەو دواتر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بڕیار لەسەر بەرنامەی کاری لیژنەکەو چۆنیەتی دانوستان لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان دەدەن.
فوئاد حسێن روونیشیکردەوە بەھۆی ئەوەی زۆربەی لایەنە عیراقییەکان لەبەغدان، ھەربۆیە دانوستانەکان لەو شارە بەڕێوەدچێت و وەفدی دانوستانکاری کوردیش سەردانی بەغدا دەکات.

سەبارەت بە پرسی کاندیدکردنەوەی مالیکی بۆ ویلایەتی سێیەم، د. فوئاد وتی: با چاوەڕێ بین، ھاوکات رەتیشیکردەوە مالیکی توانیبێتی ١٧٥ کورسی پەرلەمانی لەخۆی کۆبکاتەوە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم جەختیکردەوە لەسەر ھاوڕابوونی لایەنە عیراقییەکان لەسەر پێدانەوەی پۆستی سەرۆکی کۆمار بە گەلی کورد.

لەبارەی ئەو ھەڕەشانەش کە لەلایەن گروپێکەوە کرابووە سەر سەرۆکایەتی ھەرێم وتی: ئەو ھەڕشانە بایەخیان نییەو ئێمەش وەڵامی ئەو جۆرە ھەڕەشانە نادەینەوە.



PM:05:30:04/06/2014