لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری: 16 هەزار مووچەی نایاسایی رادەگرین

لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری رایدە‌گە‌یە‌نێت" زیاتر لە‌ 16 ھە‌زار كە‌س لە‌ مووچە‌یە‌ك زیاتر بە نایاسایی وە‌ردە‌گرن و وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاری راگرتنی مووچە‌كانیان بدات‌". 

ئە‌مڕۆ لیژنە‌ی باڵای جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری بە‌سە‌رپە‌رشتی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و ئامادە‌بوونی وە‌زیری دارایی و ئابوری، كۆبوونەوە‌ی ژمارە دووی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لەكۆبوونەوەكەدا فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری، پشتبەست بەئامار و داتاكانی بایۆمەتری، راپۆرتێكیان لەبارەی فرە‌مووچە‌یی پێشكەش كرد، بە‌پێی ئە‌و راپۆرتە 106 هەزار و 839 كەس  لە‌ یە‌ك مووچە‌ زیاتر وە‌ردە‌گرن كە زۆربەیان بەپێی یاسا رێكخراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، پاش بە‌دواداچوون بۆ دۆسیە‌ی ئە‌و مووچەخۆرانە،‌ دە‌ركە‌وت 16 هەزار و 505 كەس، لە‌یە‌ك مووچە‌ زیاتر بە‌ نایاسایی وەردەگرن، بۆیە‌ لیژنە‌ی باڵا، لەچوارچیوەی یاسای چاكسازیدا، وە‌زارە‌تی دارایی و ئابوری راسپارد بۆ‌ راگرتنی مووچە‌ی داهاتوویان لەگەڵ پاراستنی مافی ئەو كەسانە بۆ تانەدان لەم بڕیارە، ماوەی مانگێكیش دیاری كرا بۆ سەرلەنوی پێداچوونەوەی دۆسییەكانیان.

PM:04:36:03/11/2020