مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی پرسەنامە نانێرن بۆ پرسەی قادری حاجی عەلی

دوو رۆژە قادری حاجی عەلی کەسایەتی سیاسی سەربەخۆ و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی کۆچی دوایی کردووە، تا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت پرسەنامەیان ئاراستەی کەسوکاری نەکردووە.

 

هەرچەندە رۆژی سێ شەممە ١٠ ی تشرینی دووەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ئەمڕۆش چوار شەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەناوی حکومەتەوە پەیامی سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی هاوڕێ و کەسوکاری قادری حاجی عەلی کرد، بەلآم تا ئەم ساتە هەریەک لە سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هیچ پرسەنامەیەکیان بڵاونەکردۆتەوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بەناوی باره‌گای بارزانییەوە لە پرسەنامەیەکدا سه‌ره‌خۆشی خۆیان لە خانه‌واده‌ی (حوسێن ئه‌حمه‌د سلێمان) ناسراو به‌ (حوسێن كوردی) پێشمه‌رگه‌ی هەردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان کرد.

 

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش پرسەنامەیەک ئاراستەی شاو خەڵکی بەحرەین دەکات بەبۆنەی کۆچی دوایی شازادە خەلیفە بن سەلمانەوە.

 



PM:09:18:11/11/2020